Skip to the content

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پارێزگەی دهۆكی بەسەركردەوە و لەگەڵ سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان كۆبووەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە مەبەستی گەیاندنی ڕێنماییەكانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ نەهێشتنی ڕۆتین و باشتر بەڕێوەچوونی كاروباری فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان و بۆ لەنزیكەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی خزمەتگوزاری و تاوتوێكردنی چەند بابەتێكی كارگێڕی، سەردانی پارێزگەی دهۆكی كرد و لەگەڵ سەرجەم فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كۆبووەوە، لەپێناو زیاتر خزمەتكردنی هاووڵاتییانیش جەختی كردەوە دەبێت لە فەرمانگەكان ڕۆتین نەمێنێ و بە شێوەیەكی باشتر كاروبارەكان بەڕێوە بچن و خزمەتی زیاتری هاووڵاتییان بكرێت.
ڕۆژی پێنجشەممە 16ی ئەیلوولی 2021 ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە یاوەری بەڕێوەبەری گشتیی پلاندان و بەدواداچوون و بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار، سەردانی پارێزگەی دهۆكی كرد، وێڕای بەسەركردنەوەی چوار شوێنی شوێنەواری وەك ئاسنگەران و باستكێ و موقبلێ و فاهیدێ كە ئێستا لەلایەن چەند زانكۆیەكی بیانی و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار كاری كنە و پشكنینیان بۆ دەكرێت، هاوكات سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی دهۆكی كرد و لەگەڵ سەرۆكایەتیی شارەوانیی دهۆك و بەڕێوبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری دهۆك، بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی، شوێنەواری دهۆك، پارك و باخچەكان و ئاو و ئاوەڕۆی دهۆك و بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی ڕۆژهەڵات و بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی ڕۆژئاوای دهۆك و ئاوی دەوروبەری دهۆك كۆبووەوە.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەرەتا ئامانجی كۆبوونەوەكەی بۆ بەڕێوەبەرانی فەرمانگەكان ڕوونكردەوە و بە وردی جەختی كردەوە كە بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت لە فەرمانگەكانی حكوومەت ڕۆتین نەمێنێ و چاوی لە كار و خزمەتی زیاترە بۆ هاووڵاتییانی دهۆك، بۆیە دەبێ بە جدی كار لەسەر نەهێشتنی ڕۆتین بكەن و دەبێ میكانیزمێكی نوێ دابنرێت بۆ ئەوەی لە ماوەیەكی دیاریكراودا كاتێك هاووڵاتی سەردانی هەر فەرمانگەیەك دەكات بزانێت كەی و چۆن مامەڵەكەی تەواو دەبێت، بۆیە نابێت بەهۆی ڕۆتینەوە كەس لە چاوەڕوانیدا بهێڵدرێتەوە، پێویستە تابلۆی تایبەت بە مامەڵەكان لە فەرمانگەكان هەڵبواسرێت تا هاووڵاتییان بزانن مامەڵەكەیان چی پێویستە و ماوەی تەواوكردنیشی بە ڕوونی تێدا دیاری بكرێت، لەوەدا نابێت هیچ فەرمانگەیەك كەمتەرخەم بێت. هەروەها داواشی لە سەرجەم بەرپرسانی فەرمانگەكان كرد كە پێویستە خۆیان بە بەردەوامی بەدواداچوون بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كاروباری فەرمانگەكان و بە تایبەتی مامەڵەی هاووڵاتییان بكەن لەپێناو خزمەتكردنی هاووڵاتییان.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بە گرنگیی متمانەی نێوان حكومەت و هاووڵاتییان كرد و لەمبارەیەوە جەختی كردەوە هاووڵاتییان متمانەیان بە حكومەت هەیە بۆیە داوای خزمەتگوزاری و داواكاریان هەیە، ئەو متمانەیەی هاووڵاتییان بە حكومەت زۆر گرنگە و دەبێت بە هەند وەربگیرێت، ئاماژەی بە داواكاری بەردەوامی سەرۆكی حكوومەت كرد و گوتی جەنابی سەرۆكی حكوومەت جەخت لەوە دەكاتەوە دەبێت ڕێز لە هاووڵاتییان بگیرێت و بە گوێرەی یاساش ئاسانكاریان بۆ بكرێت، بۆیە لەبەر ڕۆشنایی ڕێنماییەكانی جەنابی سەرۆكی حكومەت پێویستە دیراسەتێكی نوێی كارەكانتان بكەن و لەمەودوا كاری باشتر بكەن و بەرپرسیارێتی سەرشانی خۆتان جێبەجێ بكەن.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بە ڕۆڵی بادینان و دهۆك و سنوورەكە بە گشتی كرد لە شۆڕش و قوربانیدان و شەهیدبوون لەپێناو شۆڕش و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی كوردستاندا و جەختی كردەوە كە خەڵكی دهۆك و بادینان قوربانیدەرن و ڕۆڵیان لە شۆڕشدا هەبووە و خوێنیان ڕشتووە، بۆیە پێویستە بەشێوەیەكی باشتر خزمەتی دهۆك و سنوورەكە بە گشتی بكەن، چونكە شایستەی خزمەتكردنی زیاترن.