Skip to the content

پێشانگەی نێودەوڵەتیی گەشتیاری له‌ شاری دهۆك کرایەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 27ی ئەیلوولی2021 لە ڕۆژی جیهانی گەشتوگوزاردا، لەژێر چاودێریی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بە ئامادەبوونی دكتۆر عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆك، سەرۆکی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرانی گشتیی گەشتوگوزاری هەلێر و سلێمانی، لە شاری دهۆك یەكەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی گەشتیاری بەڕێوەچوو، كە بەڕێوەبەرایەتییەكانی گەشتوگوزاری دهۆك و سلێمانی و هەولێر و ژمارەیەك كۆمپانیای ناوخۆیی و توركی و عێراقی و هۆتێل و مۆتێل و چێشتخانە و چەندین لایەنی تری پەیوەست بە كەرتی گەشتوگوزار هەماهەنگ و بەشداربوون لە ڕێكخستنی پێشانگەكە. وێڕای ئەمە ژمارەیەکی یەکجار زۆر هاووڵاتییانی دهۆک و شوێنە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و بیانی ئامادەی ڕێوڕەسمەکە بوون.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە میانەی كردنەوەی پێشانگەكەدا وتارێكی پێشكەش كرد و سەرەتا سوپاسی هەموو ئەو كەس و لایەنانەی كرد كە لە ئامادەسازی پێشانگەكەدا كاریان كردووە، هەروەها باسی لە گرنگی ئەو جۆرە پێشانگایانە كرد بۆ پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزار و ڕاكێشانی سەرنجی گەشتیاران بۆ هەرێمی كوردستان و پاڵپشتی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی بۆ ئەو جۆرە پێشانگایانە دەربڕی بە ئامانجی ئەوەی كەرتی گەشتوگوزاریش ڕۆڵی لە فرە چەشنكردنی داهاتدا هەبێت.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە بەشێكی وتارەكەیدا گوتی: كه‌رتی گه‌شتوگوزار له‌ دونیادا کۆڵەگەیەکی پته‌وی داهاتی وڵاتانه‌، ئێمه‌ش وه‌ك حكومه‌ت و وەزارەتی شارەوانی ده‌مانه‌وێت گه‌شتوگوزار بكه‌ینه‌ سەرچاوەیەکی پته‌وی داهات و له‌م‌ ڕێگه‌یه‌وه‌‌ سه‌رنجی گه‌شتیاران زیاتر بۆ كوردستان ڕابكێشین، له‌ کارنامەی کابینەی نۆیەمیشدا ئەم کەرتە لە بایەخپێدانەکانی جه‌نابی کاک مەسرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌ت شوێنێکی بەرچاوی هەیە و ئامانجە کە ئەو کەرتە ببێتە بەشێکی گرنگی داهاتی ناوخۆیی و ڕۆڵی هەبێت لە‌ فره‌چەشنکردنی سەرچاوەکانی داهاتدا. 

سەبارەت بە پڕۆژەكانی سێكتەری گەشتوگوزار، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی: ئێستا كابینه‌ی نۆیه‌م زیاتر له‌ 57 پڕۆژه‌ له‌ سێكته‌ری گه‌شتوگوزار به‌ به‌های 39 ملیار دینار له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستاندا جێبه‌جێ ده‌كات، كه‌ 9 پڕۆژه‌یان له‌ شاری دهۆكن و به‌ گوژمه‌ی 5 ملیار دینار جێبه‌جێ ده‌كرێن.
سه‌باره‌ت به‌ هاتنی ژماره‌ی گه‌شتیارانیش بۆ هه‌رێمی كوردستان، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی: ته‌نیا له‌ ماوه‌ی 9 مانگی ڕابردوودا بەپێی ئاماری دەستەی گشتیی گەشتوگوزار، نزیکەی 2 ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان كه‌ بەراورد بە هەشت مانگی ساڵی ڕابردوو، هاتنی گەشتیاران %31 زیادی کردووە.

لەمیانەی ڕێوڕەسمەکەدا دکتۆر عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک وتارێکی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر پێگەی پارێزگەی دهۆک لە ڕووی گەشتیاری و هاوکات جەختی کردەوە ئەوان وەک پارێزگای دهۆک و لایەنی پەیوەندیدار لە سنوورەکە ئامادەی هەر جۆرە هاوکاری و کارئاسانییەکن بۆ وەبەرهێنەران بە مەبەستی جێبەجێکردنی پڕۆژەی گەشتیاری و هەر جۆرە هەماهەنگییەک بۆ پەرەپێدانی سێکتەری گەشتیاری لە دهۆک. پاشان وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری دهۆک تەواوی بەش و ستاندی کۆمپانیا و لایەنە بەشداربووەکانی پێشانگەکەیان بەسەرکردەوە.