Skip to the content

پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان بە گوژمەی نزیكه‌ی 20 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەكرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- دوای ئەوەی بەهۆی پەتای كۆرۆنا و لێكەوتە ئابوورییەكانی، كاركردن لە پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان وەستا، دووبارە لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەست بە جێبەجێكردنی دەكرێتەوە، ئێستا نزیكەی 60%ی كارەكانی جێبەجێكراوە و بڕیارە ئەو بەشەی ماوە بەمزووانە تەواو بكرێت.
جێبەجێكردنی پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەری سلێمانی سەرپەرشتیی دەكرێت و لەلایەن كۆمپانیایەكی جێبەجێكار بە گوژمەی 19،799،100دۆلار لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ‌ دەكرێت.
ئەم پڕۆژەیە 75 هەزار كەس لە دانیشتووانی دەربەندیخان و دەوروبەری لێی سوودمەند دەبن، گرفتی پیسبوونی ئاو و كەمی ئاو لە سنوورەكە بە تەواوی چارەسەر دەكات. لە دوو بەشی سەرەكی پێكدێت، بەشی وەرگر و بەشی پاڵاوتن و چارەسەركردن كە بە هێڵێكی سەرەكی بەستراونەتەوە لە بۆڕیی كاربۆن ستیل بە تیرەی 500 ملیم و بە درێژی 2،8 كیلۆمەتر، پڕۆژەكە دوو هێڵی دابەشكردنی ئاوی هەیە بە تیرەی 400 ملیم و درێژی 250 مەتر و 300 ملیم بەدرێژی 1800 مەتر.
جگە لەوەی ئێستا 60%ی كارەكانی جێبەجێكراوە، هاوكات بە ڕێژەی 90%یش كاری ئەندازەی شارستانی و 100%ی كاری دیزاینی تەواو بووە و ئێستاش كۆمپانیای بەڵێندەر سەرقاڵی دابینكردنی ئەو كەلوپەلانەن كە بۆ تەواوكردنی بەشی كارەبا و میكانیكی پڕۆژەكە پێویستن و بڕیارە لە ئاییندەیەكی نزیكدا دەست بەكارەكانی بكات.