Skip to the content

کۆبوونەوەیەک لەبارەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی تایبەت بە كۆبوونەوەی ئاوی زیادە و كەند و ڕێڕەوە سرووشتییەكان لە هەولێر بەڕێوەچوو

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- سەرلەبەیانى ئەمڕۆ پێنجشەممە 2022/4/28 بە سەرپەرشتیى ساسان عەونى، وەزیرى شارەوانى و گەشتوگوزار و بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەبارەی خاوێنکردنەوە و لادانى هەموو ئەو بەربەست و دەستکاریكردن و ڕێگریانەی کراونەتە سەر كه‌ند و ڕێڕەوە سرووشتییەکانی ئاو و ڕێگەگرتن لە ئەگەری کۆبوونەوەی ئاوی زیادە کە لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە ناوە ناوە بارانێکی بەخوڕ لە چەند شوێنێکى شاری هەولێر و دەوروبەریدا دروست بوو، بەڕێوەچوو.

لەکۆبوونەوەکەدا كە سەرجەم دامودەزگەكانی شارەوانی، ئاو و ئاوەڕۆ، وەبەرهێنان، هاتوچۆ، چاككردنەوەی ڕێگەوبانەكان، ئاودێری، ئامادەی بوون، باس لەو کێشە و هۆکارانە کرا کە بوونە هۆى دروستبوونى کۆبوونەوەى ئاوێکى زۆر لە چەند شوێنێكی هەولێر و دەوروبەری، لەمبارەیەوە بڕیاردرا لە زووترین کاتدا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکانەوە دەستبکرێت بە گرتنەبەرى ڕێوشوێنى پێویست بۆ پاککردنەوەى کەند و ڕێڕەوە سرووشتىیەكانی ئاو لەو ناوچانە و ڕێگەگرتن لە ئەگەری دووبارەبوونەوەى.

لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەى كه‌مته‌رخه‌میەكان کرا و ئاماژە بەوە درا بەپەلە دەستنیشانى کەموکوڕییەکان بکرێت و هەموو ئەو بەربەست و زێدەڕۆیی و دەستکاریكردن و ڕێگریانەی کراونەتە سەر كه‌ند و ڕێڕەوە سروشتییەکانی ئاو، لابدرێن.