Skip to the content

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و ئاژانسی جایكای ژاپۆن پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزار تاوتوێ دەكەن

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ئابی ٢٠٢٢ ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێشوازی لە جێن یونیدا بەڕێوەبەری گشتیی ئۆفیسی ئاژانسی جایكای ژاپۆن لە عێراق و شاندی یاوەری كرد.
 یەكێك لەو تەوەرانەی لە دیدارەكەدا گفتوگۆیان لەبارەوە كرا، پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان بوو كە ئاژانسی جایكا جگە لە پرۆژەی خزمەتگوزاری، هاوكات خوازیارە لە بواری كەرتی گەشتوگوزاریشدا لە هەرێمی كوردستاندا كار بكات.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار تیشكی خستە سەر ژینگە و سرووشتی كوردستان كە لە بواری گەشتوگوزاردا گونجاوە، جەختیشی كردەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت بایەخی زیاتر بەو كەرتە گرنگە بدات و بیبووژێنێتەوە، هاوكات ئامادەیی بۆ هەر جۆرە هاوكاری و كاركردنێكی هاوبەش دەربڕی.
هەروەها لە گفتوگۆكاندا تیشك خرایە سەر سوودوەرگرتن لە ئەزموونی شارەزایانی كەرتی گەشتوگوزاری ژاپۆن بۆ ئەوەی هاوكاریی حكوومەتی هەرێم بن لەپێناو بووژانەوە و پەرەپێدانی ئەو كەرتە. لە بەرانبەردا شاندی جایكا دووپاتیان كردەوە كە ئەوان لە ڕووی ڕاوێژكاری و پرۆژەوە دەیانەوێت لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا لە بواری گەشتوگوزاردا هاوكار و هەماهەنگ بن.
لە تەوەرێكی تردا باس لە پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی ئاژانسی جایكا لە هەرێمی كوردستان كرا، كە لە بواری باشكردنی ئاوی خواردنەوە لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجە و چەند شوێنێكی تر بە هەماهەنگی لەگەڵ دامودەزگەكەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار پرۆژەیان ئەنجام داوە، هاوكات لە بواری چارەسەركردنی ئاوی قورس و هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێریش ئێستا كار لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردا دەكەن.