Skip to the content

ساسان عەونی تاجەگوڵینە لەسەر گڵكۆی قوربانییانی هێرۆشیما دادەنێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە شاری هێرۆشیمای ژاپۆن لە مۆزەخانەی یادەوەریی ئاشتیی هێرۆشیما، تاجەگوڵینەی لەسەر گڵكۆی قوربانییانی ڕووداوەكە دادەنێت و یادی قوربانییەكانی گەلی كوردستانیش بەرز ڕادەگرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە ١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، لە شاری هیرۆشیما، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەردانی مۆزەخانەی یادەوەریی ئاشتیی هێرۆشیمای کرد و لەلایەن جێگری بەڕێوەبەری مۆزەخانەكەوە پێشوازی لکرا. 
لە مۆزەخانەكە شیکردنەوەیەکی ورد سەبارەت بە بەشەکانی مۆزەخانە و گوزارەکردن لە ئازار و مەینەتییەکانی چەندین نەوەی ئەو قوربانییانە پێشکەش بە شاندی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كرا.
ساسان عەونی، وەك ڕێزگرتن لە قوربانییانی هێرۆشیما، تاجەگوڵینەی لەسەر گڵکۆی قوربانییانی چەکی ئەتۆمی لە پارکی یادەوەریی ئاشتی دانا و ڕێزی لە یاد و یادەوەرییەکانیان گرت و یادی قوربانییەکانی گەلی کوردستانیشی بەرز ڕاگرت و باسی لە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە دژی گەلی كوردستان بۆ بەرپرسانی مۆزەخانەكە كرد.