Skip to the content

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێشوازی لە باڵیۆزی ئیسپانیا كرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە 22ی شوباتی 2022، لە دیوانی وەزارەت، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێشوازی لە پێدرۆ مارتینیز باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق و مای ئابراین ملحقی بازرگانی بەشی هەرێمی كوردستان لە باڵیۆزخانەی ئیسپانیا لە ئەنقەرە كرد.
باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق، خواستی كاركردنی كۆمپانیاكانی وڵاتەكەی لە هەرێمی كوردستان لە سێكتەرەكانی ئاوی خواردنەوە و خۆڵ و خاشاك و گەشتوگوزار و پڕۆژەی خزمەتگوزاری خستەڕوو و وەك ئاماژەی بۆ كرد دەیانەوێت لە بواری چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاك و ئاوی خواردنەوە و پەرەپێدانی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان لە هەرێمی كوردستاندا كار بكەن.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار خۆشحاڵی خۆی بە خواستی كاركردنی كۆمپانیاكانی ئیسپانیا لە كوردستان دەربڕی و جەختی كردەوە لە چوارچێوەی بایەخدانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بە پتەوكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتان و كاركردن لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان بۆ بووژانەوەی كوردستان، پێشوازی لە هەر جۆرە پێشنیارێكی كاركردن دەكەین و ئامادەی هەر جۆرە هاوكاری و هەماهەنگییەكین بۆ كاركردن لەگەڵ كۆمپانیاكانی ئیسپانیا لە بواری جێبەجێكردنی پڕۆژەی ئاوی خواردنەوە و چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاك و پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزار و پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ خەڵكی كوردستان.