Skip to the content

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پەیامی حكومەت ئاراستەی بەرپرسە نوێیەكانی هەولێر دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بەبۆنەی دەستبەكاربوونی ژمارەیەک بەڕێوەبەر و سەرۆكی شارەوانی لە سنووری پارێزگای هەولێر، پیرۆزبایی لە ئەركە نوێكەیانی لێ كردن و داوای كرد هەر لە یەكەم ڕۆژەوە بە هەستی بەرپرسیارییەتییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو پێگەیەدا بكەن كە پێتان دراوە.
لە كۆبوونەوەكەدا كە لە دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕێكخرابوو، هەریەك لە بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر، سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و تەواوی بەڕێوەبەر و سەرۆكی شارەوانییەكانیان ئامادە بوون. تێیدا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پەیامی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێ ڕاگەیاندن و گوتی: ئێوە لە وەزارەتێكی خزمەتگوزاری پۆستتان وەرگرتووە و دەبێت بزانن ئەركەكەتان بریتییە لە خزمەتی هاووڵاتییان، بۆیە دەبێت لە ئاستی ئەو چاوەڕوانییەدا بن كە خەڵكی پایتەختی كوردستان لێتانی دەخوازێت.
هەروەها ساسان عەونی، پێی ڕاگەیاندن، ئێوە لەو ئەركەی پێتان سپێردراوە، وێڕای دڵسۆزی و بەردەوامیی ڕاییكردنی مامەڵەی هاووڵاتییان و پێگەیاندنی خزمەتەكانتان، دەبێت چاوتان لە گەشەدان بێت بە كاری ئەو سێكتەرانەی تێیدا بەڕێوەبەرن و بەردەوام خۆتان نوێ بكەنەوە، وەزارەتیش بە هەموو توانای خۆیەوە پێشوازی و پشتیوانیی پێشكەوتن و هەنگاوەكانتان بەرەو پێشكەوتنی زیاتر دەكات.