Skip to the content

کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ناوچەی پیشەسازی تیمار ئەنجامدرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە 2022.2.7، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و د.محەمەد شوکرى، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و بە ئامادەبوونى هەریەک لە جێگرانی پارێزگاری هەولێر و چەند لایەنێکی تری پەیوەندیدار، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت لەبارەی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ناوچەی پیشەسازی گەورەی تیمار ئەنجامدرا. 
لە کۆبوونەوەکەدا دوای خستنەڕووی نەخشەی بنەڕەتی و ڕووبەری گشتیی ناوچەکە و چۆنیەتی دابەشکاری زۆنەکانی ناوچەی پیشەسازی گەورەی تیمار، لەلایەن ئامادەبووانەوە گفتوگۆ لەبارەی جۆر و پێویستی خزمەتگوزارییەکان و خەمڵاندن و میکانیزمی دەستپێکردن و تێچووى گەیاندنى خزمەتگوزارییەکان بە ناوچەکە کرا. 
شایەنى باسە، لە چوارچێوەى گرنگیدان بە کەرتی پیشەسازی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان بە تایبەت لە هەولێری پایتەخت.
ناوچەى پیشەسازى "تیمار" لەسەر رووبەرى (3678) سێ هەزار و شەش سەد و حەفتا و هەشت دونم زەوى دروست دەکرێت و یەکێکە لە ناوچە پیشەسازییە گەورەکانى ناوچەکە و چەندین کۆمپانیای وەبەرهێنان و کارگەى پیشەسازیی گەورە و مامناوەند لەخۆدەگرێت و هۆکارێکە بۆ پەرەپێدان و بووژاندنەوەى کەرتى پیشەسازی و دابینکردنی هەلیکار.