Skip to the content

ساسان عەونی: پێویستە سیستەمی بە دیجیتاڵکردنی بەرایی و فایلەکان لە کاتێکی دیاریکراودا تەواو ببێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-  وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەدواداچوون بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كاروباری سەرجەم فەرمانگە و دامودەزگاكانی شارەوانی لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر دەكات و جەختیش لە باشتر بەڕێكردنی مامەڵەی هاووڵاتییان و نەهێشتنی ڕۆتین لە فەرمانگەكان دەكاتەوە، هەروەها دووپاتیش دەكاتەوە كە دەبێت لە هەموو ڕووێكەوە خزمەتی زیاتری شاری هەولێر و هاووڵاتیان بكەن.
ڕۆژی دووشەممە 10/1/2022 ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ سەرجەم دامودەزگەكانی شارەوانیی هەولێر كۆبووەوە، كە بەشداربووانی كۆبوونەوەكە پێكهاتبوون لە سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و هەردوو جێگرەكەی و سەرجەم بەڕێوەبەرانی شارەوانی و فەرمانگەکانی هەولێر و سەرۆك بەشەكانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییانە و ژمارەیەكی تر لە بەرپرسانی دیكەی سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر.
لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ساسان عەونی سەرەتا تیشكی خستە سەر ئەرك و ڕۆڵی دامودەزگەكانی شارەوانی بۆ خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتییانی پایتەخت و ئاماژەی بەوەش كرد كە دامودەزگاكانی شارەوانی ئەركێكی گەورەیان لە ئەستۆدایە و دەبێت هەر فەرمانگەیەك لەلای خۆیەوە بە باشترین شێوە خزمەت پێشكەش بكات و داواشی لێكردن بەشێوەیەكی باشتر خزمەتی هاووڵاتییان بكەن. هەروەها سوپاسی دڵسۆزی و ئامادەیی کردن کە لەکاتە پێویستەکان بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ئەرکی سەرشانیان ڕادەپەڕێنن. 
سەبارەت باشتر بەڕێكردنی كاروبارەكانی هاووڵاتییانیش دووپاتی كردەوە دەبێت مامەڵە و كاروباری هاووڵاتییان لە ماوەیەكی دیاریكراو و زۆر بە باشی بەڕێبكرێت و هاووڵاتی کاتی تەواوکردنی مامەڵەکانیان بزانن و هیچ جۆرە كەمتەرخەمیەك نابێت ڕووبدات. لەبارەی ڕۆتینیش، ئاماژەی بەوە كرد دەبێت سەرجەم دامودەزگەكانی شارەوانیی هەولێر بە مەبەستی زیاتر خزمەتكردنی شارەكە و هاووڵاتییانی، ڕۆتین نەهێڵن و بەوپەڕی دڵسۆزییەوە و بەگوێرەی یاسا كاروباری هاووڵاتییان ڕایی بكەن و بەگیانی بەرپرسیارێتییەوە ڕەفتار بکەن.
هەروەها سەبارەت کاروباری یەکە یەکەی بەشەکان گفتوگۆی لەگەڵ بەرپرسان کرد و داوای پلان و بەرنامەی تازەی لێکردن بەشێوەیەک کە ئاستی کارەکان لەڕووی کوالێتییەوە بەرزببێتەوە، جگە لە جێبەجێکردنی بیرۆکەی تازە و داهێنەرانە و پێشوازیکردن لە بیرۆکە و پێشنیاری فەرمانبەر و گەنجە هەڵکەوتووەکان کە دەیانەوێت خزمەتی شارەکەیان بکەن یان دەیانەوێت پرۆسێسی ئیداری یان هونەری و ئەندازیاری بەرەوپێش ببەن. 
سەبارەت بەو کارانەی کە لەنێوان چەند فەرمانگەیەک هاوبەشن، ڕێنمایی پێویستی کردن بە شێوازی تیم کارەکان بەڕێوەببەن و بە بیرۆکەی چارەسەری خەمی ڕاییکردنی کاری هاووڵاتیانیان بێت. هەروەها داوای لێکردن کە لەسەر سیستەمی بە دیجیتاڵکردنی بەرایی و فایلەکان بەردەوام بن و لە کاتێکی دیاریکراو تەواو ببێت.  بە مەبەستی جێبەجێکردنی هەموو ئەو بابەتانەی باسکران، خشتەیەکی زەمەنی بۆ کارەکان دانرا و سەرۆکایەتیی شارەوانی بە دڵنیاییەوە بەڵێنی جێبەجێکردنیان دا.