Skip to the content

لە ساڵی ڕابردوودا تەنیا لە نێو شاری هەولێردا زیاتر لە 600 هەزار تۆن خۆڵ و خاشاك كۆكراوەتەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە ساڵی2021 تەنیا لەنێو شاری هەولێردا، لەلایەن تیمەكانی شارەوانییەوە زیاتر لە 600 هەزار تۆن خۆڵ و خاشاك كۆكراوەتەوە و زیاتر لە 1000 سەبەتەی زبڵیش لە شوێنە گشتییەكان دانراون، وێڕای كۆكردنەوەی پاشماوەكانی لافاوەكە كە زیاتر لە 10 ڕۆژ تیمەكانی شارەوانی بە بەردەوامی پڕۆسەی خاوێنكردنەوەیان لە شوێنە زیانلێكەوتووەكان بەڕێوە برد.

لە ساڵی ڕابردوودا (2021) تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی سەر بە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر تەنیا لەنێو شاری هەولێردا زیاتر لە 600 هەزار تۆن خۆڵ و خاشاكیان لە گەڕەك و كۆڵان و شەقامە ناوخۆیی و سەرەكییەكان و شوێنە گشتییەكانی شاری هەولێر كۆكردووەتەوە و بە مەبەستی چارەسەركردنیشی بردراوە بۆ زبڵخانەی كانی قڕژاڵە، ئەمە وێڕای بەڕێوەبردنی پڕۆسەی خاوێنكردنەوەی شوێنە زیانلێكەوتووەكانی پاشماوەی لافاوەكەی هەولێر.
هەر لە ساڵی ڕابردوودا خزمەتگوزاری 24 كاتژمێری بێبەرانبەر بۆ كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك بۆ یەكەمجار لەسەر ئاستی عێراق لە شاری هەولێردا كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، هاوكات هەر لە ساڵی ڕابردوودا لەلایەن شارەوانیی هەولێرەوە زیاتر لە 1000 سەبەتە (حاویە)ی خۆڵ و خاشاك لە شوێنە گشتییەكان و شەقام و بازاڕ و قوتابخانەكان داندراون.