Skip to the content

لە سیمینارێكدا هۆكار و پلانسازیی چارەسەركردنی گرفتەكان و چۆنیەتی كۆنترۆڵكردنی لافاو لە هەولێر خرانەڕوو

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بە مەبەستی دەستنیشانكردنی هۆكارەكان و چۆنیەتی سووككردنی زیانەكان و كۆنترۆڵكردن و چارەسەركردنی گرفتی لافاو لە سنووری هەولێر، سیمینارێك لەبارەی لافاو بۆ ژمارەیەك مامۆستای زانكۆ و ئەندازیاران ساز كرا و بە شێوەیەكی زانستی و ئەندازیاری، سەرجەم هۆكارەكانی لافاو دەستنیشان كران و  پێشنیاز و سەرنجیش بۆ چارەسەركردن و كۆنترۆڵكردنی لافاو لە شارەكەدا خرایەڕوو.
سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە 31ی كانوونی دووەمی 2022 بە ئامادەبوونی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و سەرۆكی شارەوانی و دامودەزگاكانی تری شارەوانی و ئاو و ئاوەڕۆ و ئەندازیاران و كەسانی تایبەتمەند، لە هۆڵی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر سیمینارێكی تایبەت بەناوی ( Flood Estimation and Flood Control) بۆ هەڵسەنگاندنی هۆكارەكان و سووككردنی زیانەكانی و چارەسەركردنی كێشەكانی لافاو لە شاری هەولێر بۆ مامۆستایانی زانكۆ  و ئەندازیاران بەڕێوەچوو، كە سیمینارەكە لەلایەن بەشی پلاندانانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێرەوە ڕێكخرا بوو.
سیمینارەكە چەند تەوەرێكی گرنگ لەخۆ دەگرێت، وەك، هەڵسەنگاندن و چۆنیەتی كۆنترۆڵكردنی لافاو و تەكنیكەكانی سووكکردنی زیانەكانی لەگەڵ مۆدیڵینگی هادیرۆلۆجی و مۆدیڵینگی ئاوی باران، هەروەها كه‌ناڵ و كه‌ند و ڕێڕەوه‌كانی ئاوی، هەروەها تەوەرێكی دیكەش دەستنیشانكردنی كێشەكان و چۆنیەتی چارەسەركردنی بابەتی لافاو بوو لە سنووری هەولێر كە ئەم تەوەرەیان بۆ ئێستای هەولێر زۆر گرنگە و بە وردی گفتوگۆی لەبارەوە كرا.
سیمینارەكە لەكاتێكدایە لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی فراوانبوونی بەشەكانی شار و دەستكاریكردنی ڕێڕەوە سروشتییەكانی ئاو و كۆنبوونی سیستەمی ئاوەڕۆكان لە شاری هەولێر و دەوروبەری، لافاو لە چەند شوێن و گەڕەكێكی هەولێردا دروستبوو، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش دەمودەست چەندین ڕێكاری پێویستی گرتەبەر و سەرجەم كەند و ئاوەڕۆ سروشتییەكانی خاوێن و فراوانكردنەوە و ئێستاش كار بۆ چارەسەركردنی بنەڕەتییانەی ئەو بابەتە دەكرێت. هەروەك لە سیمینارەكەشدا بەشێوەیەكی زانستی و ئەندازیاری، زانیاریی گرنگ و هۆكارەكان و چۆنیەتی چارەسەرە زانستی و ئەندازیارییەكان خرانەڕوو و پێشنیازی پێویستیش درایە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر و سەرجەم فەرمانگەكان، بۆ ئەوەی كاری لەسەر بكرێت.