Skip to the content

بڕیاری لێخۆشبوونی بەشێك لە قەرزەكانی شارەوانی و ئاو و شوێنەوار و گەشتوگوزار، بۆ سێ مانگ درێژ كرایەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بڕیاری لێخۆشبوونی ڕێژەی ١٥%ی قەرزەكانی بواری شارەوانی، گەشتوگوزار، ئاو، شوێنەوار بۆ ماوەی ٣مانگ كە لە ئه‌مڕۆوە دەست پێدەكات و تاوەكو ٢٠ ی ئه‌یلوولی ٢٠٢٢ بەردەوام دەبێت، درێژ كرایەوە و هاووڵاتییانیش دەتوانن هەر ئێستا مامەڵەی سوودمەندبوون جێبەجێ بكەن.
ئەمەش دوای ئەوە دێت لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران كە بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە ١٥ی حوەزیرانی ٢٠٢٢بەڕێوەچوو، لەبەر بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییان بڕیاردرا بە درێژكردنەوەی بڕیاری لێخۆشبوونی قەرزەكانی حكومەت، بە مەرجێك هاووڵاتییان لە ماوەی سێ مانگدا قەرزەكان بۆ حكومەت بگەڕێننەوە.
بە گوێرەی فەرمانێكی ئەنجومەنی وەزیران كە واژووی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی لەسەرە، بڕیارەكەی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران پەسەند كراوە بۆ درێژكردنەوەی لێخۆشبوونی قەرزەكانی حكومەت، بەشێكی ئەو بڕیارە پەیوەندی بە قەرزەكانی گەشتوگوزار، شارەوانی، ئاو و شوێنەوار هەیە و لە ڕێككەوتی ٢٠ ی حوزه‌یرانی ٢٠٢٢ دەست پێدەكات و تاوەكو ٢٠ی ئه‌یلوولی ٢٠٢٢، كاری پێ دەكرێت، ئەم وادەیەش دوا دەرفەت دەبێت بۆ سوود وەرگرتن لەم ئاسانكارییەی حكومەت و جارێكی دیكە درێژ ناكرێتەوە.
پێویستە ئەو هاووڵاتییانەی قەرزی شارەوانی، ئاو، گەشتوگوزار، شوێنەواریان لە لایە، بە زووترین كات سەردانی فەرمانگەكان بكەن و دامودەزگەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش بە هەموو شێوەیەك ئاسانكارییان بۆ دەكەن بۆ ئەوەی سوودمەند بن، بە پێچەوانەوە دوای ئەو سێ مانگە، ناتوانن سوودمەند بن و بڕیارەكەش درێژ ناكرێتەوە.