Skip to the content

بە گوژمه‌ی ٦ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار دۆلار، دوو پڕۆژەی ئاو لە سلێمانی و هەڵەبجە جێبه‌جێ ده‌كرێن

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بە گوژمه‌ی نزیكەی ٦ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار دۆلار دوو پڕۆژەی ئاو لە سلێمانی و هەڵەبجە جێبەجێ دەكرێن كە گرفتی ئاو لە بەشێكی زۆری ئەو دوو شارەدا چارەسەر دەكەن و لە كۆتایی ئەم مانگەشدا پڕۆژەكان بە فەرمی دەكرێنەوە.
ئەندازیار ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، سەبارەت بەو دوو پڕۆژەیە، ڕایگه‌یاند: پڕۆژەكەی سلێمانی به‌ ناوی ( IQ-28 pak-4 lot1)، بریتییە لە ڕاكێشانی بۆڕیی ٦٠٠ملم لەنێوان تاسڵوجە تاوەكو خەزانی سەرەكیی ئاو لە سەنتەری شاری سلێمانی لە نزیك سەرچنار، پڕۆژه‌كه‌ی هەڵەبجەش (IQ-28 pak-4 lot2)، بریتییە لە گۆڕینی تۆڕی ئاوی دوو گەڕەك و چارەسەركردنی ئاوەڕۆی چەند شوێنێكی سەنتەری شاری هەڵەبجە.
سەبارەت بە گوژمەی پرۆژەكانیش دەڵێت: گوژمەی پڕۆژەكان نزیكەی ٦ ملیۆن و ٧٠٠هەزار دۆلارە و بەشێوەی قەرزی ژاپۆنی بە هەماهەنگیی لەگەڵ ئاژانسی جایكا كە گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردا هەیە، جێبەجێ دەكرێن و ئێستاش بەشێكی پڕۆژەكان كەوتوونەتە بواری كاركردنەوە، پڕۆژەكەی سلێمانیش ئێستا لە قۆناغی تێست دایە و لە كۆتایی ئەم مانگەدا هەردوو پڕۆژه‌ دەكرێنەوە.