Skip to the content

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەكان لە ئیدارەی سۆران کرایەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 7ی حوزەیرانی 2022، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەردانی دەڤەری سۆرانی كرد و لەلایەن هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پێشوازی لێكرا. 
دواتر بە ئامادەبوونی ڕاوێژكار و بەڕێوەبەرانی گشتیی دیوان و ئاو و ئاوەڕۆ و ژمارەیەك بەڕێوەبەری ناو وەزارەت، لە مەراسیمێکدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی ئیدارەی سۆران کرایەوە و خەسرەو ئیسماعیل سەعید، وەك بەڕێوەبەری گشتیی دەستبەکاربوو.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بە بۆنەی كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی ئیدارەی سۆران، پیرۆزبایی لە دانیشتووانی دەڤەری سۆران كرد و گوتی: ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە بۆ دەڤەری سۆران و هیوادارین ئەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە بتوانێت خزمەت بە خەڵکی سۆران بکات و بەڕێوەبەری گشتیش هەموو ئەرک و بەرپرسیارییەتی و تواناکانی خۆی بۆ خزمەتی دەڤەرەکەی تەرخان بکات. لەبارەی پاڵپشتییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش بۆ دەڤەرەكە، ساسان عەونی گوتی: ئێمە وەک وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بەڵێنی هەموو پشتیوانی و هاوکارییەک بۆ دەڤەری سۆران دووپات دەکەینەوە. 
هاوكات سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران خۆشحاڵی خۆی بە كردنەوەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە دەربڕی و گوتی: بڕبڕەی پشتی هەر حکومەتێک شارەوانییە، بۆیە کردنەوەی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ دەڤەرەکە زۆر گرنگە.