Skip to the content

جێگری سەرۆكی پەرلەمان و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار كۆبوونەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی حوزەیرانی٢٠٢٢، لە پەرلەمانی كوردستان، د. هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار كۆبوونەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا كە ڕاوێژكاری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئامادەی بوو، گرنگیی یاسای هەمواری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و پێشنیازەیاسای گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە كرا و هەردوولا كۆكبوون لەسەر ئەوەی یاسای وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كاریگەری باشی لەسەر خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتییان و باشتر بەڕێوەچوونی كاروباری فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەبێت.
لە تەوەرێكی تردا گفتوگۆیان لەبارەی پێشنیازەیاسای گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان كرد، كە دەبێتە هۆكارێكی باش بۆ پەرەپێدانی سێكتەری گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان و دڵنیایی باشتریش دەداتە وەبەرهێنەران بۆ بەگەڕخستنی سەرمایەگوزارییەكانیان لە سێكتەری گەشتوگوزاردا. هاوكات پەرەپێدانی پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان پەرلەمانی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەبارەی ئەو یاسا و ڕێنماییانەی كە پەیوەستن بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بە گرنگ و پێویست وەسف كرا و جەختیش لەسەر هەماهەنگیی زیاتری نێوان هەردوولا كرایەوە.