Skip to the content

شارەوانیی هەولێر بە گوژمەی ٦٦٦ ملیۆن دینار كۆڵانەكانی گەڕەكی نازماوە كۆنكرێت دەكات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لەسەر ڕێژەی ١٥٪ى داهاتى سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر پڕۆژەی كۆنكرێتكردن و دانانی كیربستۆن لە گەڕەكی نازماوەی شاری هەولێر جێبەجێ دەكرێت و دەرخستەش بۆ جێبەجێكردنی چەندین پڕۆژەی دیكە بۆ گەڕەكه‌كانی هەولێر لەلایەن شارەوانییەوە ئامادە كراوە.
پڕۆژەی كۆنكرێتكردن و دانانی كیربستۆن بۆ كۆڵانەكانی گەڕەكی نازماوە بە گوژمەی ٦٦٦ ملیۆن دینار لەسەر داهاتی شارەوانی بە دوو قۆناغ جێبەجێ دەكرێت، قۆناغی یەکەم لە ٩ كۆڵان و قۆناغی دووەمیش لە ١٩ كۆڵان و شەقام پێك دێت.
قۆناغی یەکەمی پڕۆژەكە کارەکانی کیربستۆن و کۆنکرێتکردنی كۆڵان و شەقامەکان لەخۆ دەگرێت و قۆناغی دووەمی پڕۆژەکەش پێکدێت لە ١٩ کۆڵان کە بڕگەکانی بڕین و ڕاخستنی چینێک چەرموود و دانانی کیربستۆن و کۆنکرێتکردنی شەقامەکان و شۆڵدەر پڕکردنەوە و کۆنکرێتکردنە.
ئەم پڕۆژەیە ئاستی خزمەتگوزارییەكان لەو گەڕەكە بەرز دەكاتەوە و بە هەزاران هاووڵاتی دانیشتووی ئەو سنوورە لێی سوودمەند دەبن، هاوكات شارەوانیی هەولێر دەرخستەی بۆ جێبەجێكردنی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ گەڕەكەكانی دیكەی شاری هەولێر ئامادەكردووە و لە داهاتوودا جێبەجێ دەكرێن.