Skip to the content

شەقامێکی ١٥ مەتری لە هەولێر دروست دەکرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە شاری هەولێر پڕۆژەی دروستکردنی شەقامێکی ١٥مەتری دەستی پێ كردووە و دەرخستەش بۆ ژمارەیەك پڕۆژەی دیكە ئامادە كراوە کە لە ئایندەدا كار لەسەر جێبەجێكردنیان دەكرێت.
پڕۆژەی دروستكردنی شەقامە ١٥مەترییەکە، كەوتووەتە گەڕەكی ١٢٢ی گوڵان و لەسەر ڕێژەی ١٥٪ی داهاتی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی چواری سەر بە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر جێبەجێ دەكرێت  و ئێستاش تیمەكانی شارەوانیی هەولێر كار لەسەر جێبەجێكردنی پڕۆژەكە دەكەن.
وێڕای ئەم پڕۆژەیە، ئێستا لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، تیمەكانی شارەوانی سەرقاڵى گەیاندنی خزمەتگوزاریی دروستکردنی شەقام، قیڕتاوکردن، کیربستۆن، تێکەڵەڕێژكردن و کۆنکرێتکردنی شەقامەکانی شاری هەولێرن و دەرخستەش بۆ چەندین پڕۆژەی دیکە ئامادە کراوە و بڕیار وایە دواى پەسەندکردنیان لە شوێنە جیاجیاکانى شاری هەولێر جێبەجێ بكرێن.