Skip to the content

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوار لەگەڵ سەرۆكایەتیی شارەوانی و نەخشەدانانی ئاوەدانیی سلێمانی پەرەپێدانی شاری سلێمانی گەنگەشە کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە یاوەری شاندێكی وەزارەت كە پێكهاتبوون لە ڕاوێژكار و بەڕێوەبەرانی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، دیوان، نەخشەدانانی ئاوەدانی، پلان و بەدواداچوون، پرۆژەكان و ژمارەیەك بەڕێوەبەری دیكەی ناو وەزارەت سەردانی شاری سلێمانی كرد و لەگەڵ سەرۆكایەتیی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانانی ئاوەدانیی سلێمانی كۆبووەوە.
لە سەرەتادا ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەردانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی كرد و لەلایەن لەیلا عومەر عەلی، سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی پێشوازی لێ كرا. وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئامانجی سەردانەكەی بۆ سەرۆكایەتیی شارەوانی ڕوونكردەوە كە بە مەبەستی پیرۆزبایی و پاڵپشتیكردن و هاوكاریكردنی سەرۆكی شارەوانیی سلێمانییە كە ماوەیەكە دەستبەكاربووە، لەمبارەیەوە گوتی ئێمە وەك حكومەت و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ خزمەتكردنی شارەكە، ئامادەی هەموو جۆرە هاوكاری و پاڵپشتییەكی سەرۆكی شارەوانی دەبین و ئاواتەخوازین بە باشترین شێوە خزمەتی شارەكە بكەن.
دواتر لەگەڵ تەواوی سەرۆك بەش و ئەندازیاران و بەرپرسانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی كۆبووەوە، پرۆژەكانی خزمەتگوزاری و پەرەپێدانی شار و ڕێكخستنەوەی میلاكات و بابەتی پارك و باخچەكان و سەوزایی و كەمكردنەوەی ڕۆتین و ڕێكخستنەوەی داهات و كێشە و داواكاریی هاووڵاتییان و دەیان بابەتی دیكە گەنگەشە كران. لەمبارەیەوە ساسان عەونی لە بەشێكی گوتەكەیدا ئاماژەی بە گرنگیی شاری سلێمانی لە ڕووی مێژوویی و ڕۆڵی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان و پێگە ستراتیژییەكەی كرد و داوای لە بەرپرسان و ئەندازیاران و سەرۆك بەشەكانی شارەوانی كرد لە ئاستی بەرپرسیارێتی دابن و خزمەتی زیاتری شاری سلێمانی و خەڵكەكەی بكەن.
دواتر سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی سلێمانی كرد و لەلایەن تاریق محەمەد نووری، بەڕێوەبەر و ئەندازیاران و بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتییەكە پێشوازی لێ كرا، پاشان لە كۆبوونەوەیەكدا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار تیشكی خستە سەر گرنگی و ڕۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە پەرەپێدانی شار و شارسازیدا كە ئەم بەڕێوەبەرایەتییە ڕۆڵێكی باشى لە بواری دیزاین و سیمای جوانی شاردا هەیە، هەروەها ئاماژەی بە پێویستیی كەمكردنەوەی ڕۆتین و ڕێكخستنەوەی میلاكات و گرنگیی هەماهەنگی و هاوكاریان لەگەڵ دامودەزگە خزمەتگوزارییەكان بە تایبەتی لەگەڵ سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانیدا كردەوە. هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد پێویستە دۆخ و هەلومەرجی كۆمەڵایەتی و ئابووری خەڵك لەبەرچاو بگرن و لە پرۆژەكاندا دەبێت ئەم بوارە ڕەنگ بداتەوە، بۆ هەردوو دامودەزگەكە دووپاتی كردەوە ئەوەی لەسەر حكومەت و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش پێویستە بە هەموو شێوەیەك هاوكار و پاڵپشتیان دەبێت لەپێناو بووژانەوەی شاری سلێمانیدا.