Skip to the content

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەدواداچوون بۆ خزمەتگوزاری و داواكاریی دانیشتووانی گوندی عەزە دەكات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ شەممە ۱٨ی حوزەیرانی ۲۰۲۲، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە یاوەری عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆكی شارەوانیی هەولێر بە مەبەستی بەدواداچوونی خزمەتگوزاری و داواكاریی دانیشتووانی گوندەكە، سەردانی گوندی عەزەی لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر كرد.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە سەردانەكەیدا بۆ گوندی عەزە، لە نزیكەوە بەدواداچوونی بۆ ئاستی خزمەتگوزاری و داواكاریی دانیشتووانی گوندەكە و خەختی لەسەر گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ گوندەكە كردەوە. ئاماژەی بەوەش كرد وەك حكومەت ئەوەی لە توانای دامودەزگەكانی شارەوانی و فەرمانگە خزمەتگوزارییەكاندا بێت لەسەر داهاتی شارەوانییەكان لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ گوندەكە درێخی ناكەن.
هاوكات دانیشتووانی گوندی عەزە چەند داواكاری و سەرنجێكی تایبەت بە خزمەتگوزاریی زیاتر و پەرەپێدانی گوندەكەیان خستەڕوو، لە بەرانبەردا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار خەختی لە جێبەجێكردن و گەیاندنی خزمەتگوزاریی زیاتری وەك قیڕتاوكردن و پڕۆژەی دیكەی خزمەتگوزاری كردەوە.