Skip to the content

پرۆسەی لێدانی بیری ئاو لە ٨ ی حەسارۆك دەستیپێكرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ یەكشەممە ۱۹ ی حوزەیرانی ۲۰۲۲، پرۆسەی لێدانی بیری ئاوی خواردنەوە لە گەڕەكی ٨ ی حەسارۆك دەستیپێكرد و ئامێر و جیهازی زیاتر ڕەوانەی ٨ ی حەسارۆك دەكرێن. هەروەها لە ماوەیەكی كەمیشدا سەرەبلۆكی تەواوی گەڕەكەكە دادەنرێت و لە سەرەتای مانگی داهاتوودا خاوەن زەوییەكان دەتوانن دەست بە دروستكردنی خانوو بكەن.
ئەمەش دوای ئەوە دێت كە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ نوێنەری خاوەن زەوییەكانی گەڕەكی ٨ ی حەسارۆك كۆبووەوە و دڵنیای كردنەوە لەوەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان جددیە لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ٨ ی حەسارۆك و پرۆسەی لێدانی بیری ئاو كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە.
هەنووكە تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر لە ٨ ی حەسارۆك سەرقاڵی چاودێریكردنی پرۆسەی لێدانی بیرەكانن و پرۆسەكەش بە باشی بەڕێوە دەچێت.