Skip to the content

ڕێگەی سەرەكیی بێریات قیڕتاو دەکرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ شەممە ۱٨ی حوزەیرانی ۲۰۲۲، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە یاوەری عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و جێگرەكەی، سەردانی پڕۆژەی قیڕتاوكردنی ڕێگەی سەرەكیی "گوندی بێریات"ی لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر كرد.
لە سەردانەكەیدا بەدواداچوونی بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئیشوكارەكانی جێبەجێكردنی پڕۆژەكە كرد كە بەشێوەیەكی زۆر باش بەڕێوە دەچێت. هاوكات بەدواداچوونی بۆ  خزمەتگوزاری و داواكاری هاووڵاتییان و گەیاندنی خزمەتگوزاریی زیاتر بە گوندی بێریات كرد، لەمبارەیەوە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وێڕای بەدواداچوونی پڕۆژەكە، لە نزیكەوە گوێی لە داواكاریی دانیشتووانی گوندەكە گرت و جەختی كردەوە جگە لەم پڕۆژەیەی قیڕتاوكردنە، لەسەر داهاتی شارەوانی پڕۆژەی دیكەی خزمەتگوزاریش لە گوندەكە جێبەجێ دەكرێت.
پڕۆژەی قیڕتاوكردنی ڕێگەی سەرەكیی گوندی بێریات لەسەر داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بە گوژمەی ۲۲۰ ملیۆن دینار جێبەجێ دەكرێت، درێژییەكەی ۲۱۰۰م و پانییەكەی ٦م كە دەكاتە ۱۲٦۰۰ مەتر دووجایە، ئەم ڕێگە سەرەكییە هاتوچۆیەكی زۆری دانیشتووانی گوندەكەی لەسەرە و دەبێتە هۆی ئاسانكاریی بۆ دانیشتووانی سنوورێكی فراوانی دەوروبەری گوندی بێریات.