Skip to the content

بەشی سێیەمی شەقامی 150مەتری بە زیاتر لە 96 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەكرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- دوای ڕەزامەندیی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، گرێبەستی بەشی سێیەمی پرۆژی شەقامی 150 مەتریی شاری هەولێر واژوو كرا و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش دەڵێ تێچووی ئەم بەشەی شەقامەكە زیاتر لە 96 ملیۆن دۆلارە و خاڵێكی ترە لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دەبێتە پرۆژەیەكی ستراتیژی بۆ خزمەتكردنی پایتەختی كوردستان و دانیشتووانی هەرێمی كوردستان بە گشتی.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ی ئاداری 2022 بە ئامادەبوونی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و سەرۆكی كۆمپانیای هێمن گرووپ و سەرۆكی شارەوانیی هەولێر، گرێبەستی بەشی سێیەمی پرۆژەی شەقامی 150مەتری هەولێر لەنێوان وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و كۆمپانیای جێبەجێكار واژوو كرا.

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە كاتی واژووكردنی گرێبەستەكەدا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئەمڕۆ ڕۆژێكی مێژووییە كە تێیدا دەستكەوتێكی تری حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشكەش بە كوردستان و پایتەخی كوردستان دەكرێت، ئەویش واژووكردنی گرێبەستی بەشی سێیەمیی پرۆژەی شەقامی 150مەتریی بازانەیی هەولێرە، كە ڕێگەی هەولێر-بەحركە و بەستانەوەی ئەو دوو پارچەیە بە ڕێگەی هەولێر-گۆپاڵەوە بە درێژایی زیاتر لە شەش كیلۆمەتر لەخۆدەگرێت.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەبارەی تێچووی ئەم بەشەی پرۆژەكەیش، گوتی: تێچووی ئەم بەشەی پرۆژەكە زیاتر لە 96ملیۆن دۆلارە و تەواوكەری هەردوو دوو پارچەكەی تری پرۆژەی شەقامی بازنەیی 150 مەتریی هەولێرە، لەبارەی گرنگییشی، گوتی: دەبێتە پرۆژەیەكی ستراتیژی بۆ خزمەتكردنی پایتەختی هەرێم و دانیشتووانی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕاشیگەیاند: ئەم بەشەی پرۆژەكە جگە لە شەقامە سەرەكییەكانی، شەقامی خزمەتگوزاری و پەرژینبەندی خۆپارێزی و سیستەمی ئاوەڕۆی هەیە، ئەم پرۆژەیە بەڵێنێكی تری حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ بەردەوامبوون لە خزمەتكردن و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە خەڵكی كوردستان و خاڵێكی ترە لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە هەموو جارێك جەنابی كاك مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ڕژدییەوە جەخت لە هەموو دامودەزگەكانی حكوومەت دەكات بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە كارە خزمەتگوزارییەكان.

ساسان عەونی پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان بە گشتی و شاری هەولێر بە تایبەتی دەكات و دەڵێ: بە خۆشحاڵییەوە پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان و بە تایبەتی شاری هەولێر دەكەم، كە بەشێكی تر لەو پرۆژە ستراتیژییە گەورەیە چووە بواری جێبەجێكردنەوە و هیوادارین كۆمپانیای هێمن گرووپ بە كوالیتییەكی بەرز و پێش وادەی دیاریكراوی خۆی تەواوی بكات.