Skip to the content

لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزاندا ئامادەکاریی بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران دەکرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە چوارچێوەی پلانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ بایەخدانی زیاتر بە سێكتەری گەشتوگوزار، ژمارەی گەشتیارانی بیانی و عێراقی بۆ هەرێمی كوردستان زیادی كردووە و چاوەڕێ دەكرێت لە ڕۆژانی جەژندا ژمارەیەكی زۆر گەشتیار سەردانی كوردستان بكەن، تەنیا لە سنووری پارێزگای هەولێردا لە چوار مانگی ئەمساڵدا 671,146 گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتارییەكانی سنووری پارێزگەی هەولێریان كردووە، لەم ژمارەیەشدا نزیكەی 100 هەزاریان گەشتیاری بیانین و ئەوانی دیكە گەشتیارانی عەرەبن و لە پارێزگە و شوێنە جیاوازەكانی عێراقەوە هاتوون، هاوكات بۆ ئەم جەژنەش دامودەزگەكانی گەشتوگوزار لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان بە باشترین شێوە پێشوازی لە گەشتیاران دەكەن.

لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر دەڵێ بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی باشتر پێشوازی لە گەشتیاران بكەین، لەم جەژنەدا چەندین ڕێكاری گرنگ دەگرینەبەر وەك دابینكردنی باشترین خزمەتگوزاری و چاودێریكردنی میوانخانەکان و چێشتخانەکان بۆ دڵنیابوونەوە لە کردنەوەی ڕێستۆرانتەکان بۆ پیشوازیكردن لە گەشتیارانی ناوخۆ و بیانی.

ئیسماعیل مینەخان، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر لەبارەی ئامادەسازییەكانیان بۆ پێشوازیكردن لە گەشتیاران لە ڕۆژانی جەژندا، دەڵێ: ئێمە ئامادەسازی تەواومان كردووە بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە پێشوازی لە گەشتیاران بكەین، بۆ ئەو مەبەستەش چەند ڕێكارێكمان گرتووەتەبەر وەك: لیژنەی تایبەتمان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاریی پیویست بۆ گەشتیاران لە بازگەکان پێکھێناوە. هەروەها دابەشکردنی ژمارەی تەلەفۆنی لیژنەکانمان بەسەر گرووپە گەشتیارییەکان و گەشتیاران بۆ ئەوەی ھاوکاربین بۆ چارەسەرکردنی هەر ڕووداوێك یان گرفتێك.

بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر سەبارەت بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی ئاوی خواردنەوە و شیرنەمەنی و جۆرەكانی تر، دەڵێت: لە دەروازەکانی شاری ھەولێردا بە گوێرەی ڕێكارەكان ئاوی خواردنەوە و پێدانی شیرینی دابین دەكرێت لەگەڵ ڕێنمایی پیویست بە گەشتیاران. هەروەها پێکھێنانی لیژنەی تایبەت بۆ بەدواداچوون لە ڕەوشی گەشتیاران لە بنکە گەشتیارییەکان لە دڵنیابوون لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەواو بە گەشتیاران لە بنکە گەشتیارییەکان.

لەبارەی ئاگاداركردنەوەی میوانخانە و چێشتخانەكانیش بۆ پێشوازیكردن لە گەشتیاران، دەڵێ: کۆمەڵەی میوانخانەکان و چێشتخانەکانی کوردستان/لقی هەولێرمان ڕاسپاردووە لەگەڵ لیژنەکانمان بۆ دڵنیابوون لە کردنەوەی ڕێستۆرانتەکان بە مەبەستی پیشوازیكردن لە گەشتیاران لە ڕۆژانی جەژندا، هەروەها لیژنەی تایبەت بە چاودێریکردنی نرخ لە بنکە گەشتیارییەکان پێكهێنراوە، لەگەڵ دەیان ڕێكاری دیكەش كە ڕاستەوخۆ لە بەرژەوەندیی گەشتیاراندان.