Skip to the content

نوێنەرانی خاوەن زەوییەكانی هەشتی حەسارۆک: سوپاس بۆ خەمخۆریی سەرۆكی حكومەت

هەولێر، هەرێمی کوردستان،  عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی چوارشەممە (18/5/2022) ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، لەگەڵ نوێنەرانی خاوەن زەوییەكانی كەرتی هەشتی حەسارۆک كۆبووەوە و گوێی لە داواكارییەكانیان گرت كە بۆچی تا ئێستە خزمەتگوزارییان پێ نەگەیشتووە و بە ڕاشكاوی هەموو گلەیییەكانی خۆیان باس كرد.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێی ڕاگەیاندن، هەر خۆی داواكانی ئێوە مانای وایە چاوەڕوانیی زۆرتان لە حكومەتی خۆتان هەیە كە ئەمەش مانای متمانەی هاووڵاتییانە بە حكومەتی هەرێمی كوردستان. ڕوونیشی كردەوە، وێڕای باری دارایی حكومەت، بەڵام مەسروور بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران بەڵێنی پێ دان خزمەتگوزاریتان پێ بگات، بۆیە دڵنیا بن هەموو توانایەكمان خستووەتە گەڕ.
ساسان عەونی، وردەكاری ئەو هەوڵ و پێشنیازانەی بۆ نوێنەرانی خاوەن زەوییەكانی هەشتی حەسارۆک ڕوون كردەوە تا گەیشتوون بە باشترین چارەسەر بۆ ئەوەی لەپێشدا خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكانیان پێ بگات وەک گەیاندنی ئاوی خاوێن، ئاوەڕۆ، شەقامە سەرەكییەكان، كارەبا و پاشان هەموو خزمەتگوزارییەكانی دیكە.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێی ڕاگەیاندن، حكومەت بۆ ئەوەی لەم دۆخە سەختە دارایییەدا خزمەتگوزاری بگەیەنێتە هەشتی حەسارۆک، بڕیاری داوە زەوییە بارزگانییەكان بفرۆشێت و پارەكەشی هەمووی تەنیا بۆ خزمەتگوزاریی كەرتەكە خەرج دەكرێت. داواشی لێ كردن، با نوێنەریان لە دانیشتنەكانی پرۆسەی فرۆشتنی زەوییەكان و شێوازی خەرجكردنەكەی بەشدار بن و چاودێری بكەن.
نوێنەرانی كەرتی هەشتی حەسارۆک، سوپاسی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەوڵە خەمخۆرییەكانی كابینەی نۆیەمیان كرد، وێڕای ئەوەی هێشتا خانووی لێ نەكراوە، خزمەتگوزاری دەگەیەننە كەرتەكە كە بەپێی یاسا دەبێت 30%ی هەر گەڕەكێک ئاوەدان بكرێتەوە، ئینجا حكومەت خزمەتگوزاری بۆ دەبات.