Skip to the content

ڕۆژانە ٢٤٦،٩٢٣ مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتییان بەرهەم دەهێنرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- سێكتەری ئاو یەكێكە لە سێكتەرە خزمەتگوزارییە گرنگەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و لە ڕێگەی چەندان بەڕێوەبەرایەتی و بیر و پرۆژەی ئاوی خواردنەوە، بە بەرزترین كوالێت و بە ڕێژەیەكی زیاد لە پێویستی هاووڵاتییان، ئاوی خاوێن بەرهەم دەهێنرێت.
لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی، سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ڕێگەی ١١ فەرمانگە و سێ پرۆژەی ستراتیژی و ٥١ بیری ئاوەوە، ڕۆژانە  ٢٤٦،٩٢٣ مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە بۆ هاوبەشانی ئاو لە سلێمانی بەرهەم دەهێنرێت کە ١٨٠ هەزار ٦٢ هاوبەش لێی سوودمەند دەبن و لەو ژمارەیەشدا ٣٤ هەزار و ١٢٣ هاوبەش پێوەری ئاویان نەبەستووە و ١٤٥ هەزار و ٩٣٩ پێوەریان بەستووە.
بە گوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، خەرجی بەرهەمهێنانی ئاو بۆ ساڵی ٢٠٢١ لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی ١٢ ملیار و ٥٥٥ ملیۆن و ٦٨١ هەزار و ٩٠ دینارە.