Skip to the content

لەسەر پێشنیازی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار قەرەبووی گوندی كۆری دەكرێتەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- مەسرور بارزانی, سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕەزامەندی لەسەر پێشنیازی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەربڕی بە قەرەبووكردنەوەی سوودمەندانی گوندی كۆری بە تاپۆكردنی زەوییەكانیان.
لە پێشنیازەكەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردا هاتووە، پێویستە سوودمەندان لە هەمان شوێنی خۆیان كە پێشتر بۆیان دیاری كرابوو، قەرەبوو بكرێنەوە، هەروەها لە هەموو باج و ڕسووماتێك ببەخشرێن كە لە نەخشەی گەزنە پارچە زەوییەكەیان بەناو كراوە، بەرامبەر دەستبەرداربوونیان لەو پارچە زەوییانە و بەناوكردنی پارچە زەوی تر لەو بەشەی پرۆژەی گوندی كۆری، لەبەر ئەوەی بابەتەكە لە بەرژەوەندیی گشتی و كەسانی كەمدەرامەتە.
پاش ئەوەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی دا لەسەر قەرەبووكردنەوەی زەوییەكانی گوندی كۆری، چەند پێشنیازێك بۆ شێوازی ئەو قەرەبووكردنەوانە خرانە ڕوو، بەڵام وەزارەتی شارەوانی وگەشتوگوزار لەپێناو بەرژەوەندیی سوودمەندان كە خەڵكی كەمدەرامەت و شایستەن، جەختی لەسەر باشترین پێشنیاز كردەوە كە شایستەی ئەو هاووڵاتییانە بێت و بە نووسراوی ژمارە (449) لە ڕێكەوتی 11/10/2022 بۆ سەرۆكایەتیی دیوانی لە ئەنجومەنی وەزیران بەرز كردەوە كە لە هەمان سنووری گوندی كۆری قەرەبوو بكرێنەوە و ڕێكەوتی 7/11/2022 بە نووسراوێك ئاماژە بەوە كرا كە ڕێزدار مەسروور بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر پێشنیازەكان دەربڕیوە.