Skip to the content

سێ پرۆژەی خزمەتگوزاری لە بنەسڵاوە جێبەجێ دەكرێن

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی بنەسڵاوە، سێ پرۆژەی گەورەی خزمەتگوزاری لە بواری دروستكردنی شەقام و نۆژەنكردنەوەی شەقامی جووتساید و دروستكردنی ئاوەڕۆ جێبەجێ دەكرێن، كە هەر یەك لەو پرۆژانە چەند بڕگەیەكی گرنگ لەخۆدەگرن و ئێستا لە قۆناغی جێبەجێكردندان.

پڕۆژەكان بریتین لە دروستکردنی شەقام لەنێوان بنەسڵاوە - کەسنەزان لە گەڕەکی قەڵاتی نوێ لەسەر ڕێژەی ١٥٪ی داهاتی شارەوانی. كارەكانی پێكهاتووە لە بڕین و فەرشکردنی تێکەڵە و فەرشکردنی بەردی شکاو و پاشان قیڕتاوکردن بە درێژیی ٥٨٠ مەتر و پانیشی ٧ مەترە.

پڕۆژەی دووەمیش بریتییە لە نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی سایدی دووەمی شەقامی سەرەکیی بازاڕ و سەنتەری لاوان (دروستکردنی شەقامی جووتسایدی دەروازەی هەولێر- بنەسڵاوە تا کۆتایی بلۆکی یەك لە بنەسڵاوە)، ئەم پرۆژەیەیان لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا و بە گوژمەی ٢ ملیار و ٣٤٣ ملیۆن و ٣٥٠ هەزار دینار بە سەرپەرشتیی تیمی شارەوانی جێبەجێ دەكرێت، پێكهاتەی پرۆژەكەش بریتییە لە دروستکردنی شەقام بە درێژیی ٢٦٠٠ مەتر و پانییەكەشی ٤٠ مەتر و قیڕتاوکردن بە ڕووبەری ٣٥٠٠٠م٢ و دروستکردنی ئاوەڕۆی لوولەیی بەدرێژی ٤٧٥٠م.

پڕۆژەی سێیەمیش بریتییە لە دروستکردنی شەقام و ئاوەڕۆ لە گەڕەکی گەڕەسۆر (تەعجیلی نوێ) لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگە كە بە درێژیی ٢٢٠٠م و پانی ١٢م شەقام دروستدەكرێت، كە هەندێک شوێن بە پانی ١٥م لەگەڵ ئاوەڕۆی لوولەیی بە تیرەی جیاوازە.
هەرسێ پرۆژەكە بە سەرپەرشتیی تیمی ئەندازیاری و هونەریی سەرۆكایەتیی شارەوانیی بنەسڵاوە جێبەجێ دەكرێن و كاریگەریی زۆر باشیان لەسەر پەرەپێدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی ئەو قەزایە هەیە.