Skip to the content

ئاوەڕۆی ٨ ی حەسارۆك جێبەجێ دەكرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-جێبەجێكردنی پرۆژەی هەمەجۆری خزمەتگوزاری لە كەرتی هەشتی حەسارۆك بەردەوامە، لەو چوارچێوەیەدا پرۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆی سندووقی و ئاوەڕۆی لوولەیی بە سەرپەرشتیی ئەندازیار و ڕووپێوان و ستافی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر جێبەجێ دەكرێت.

ئێستا جگە لە دروستكردنی ئاوەڕۆی لوولەیی و سندووقی، پرۆژەی دروستكردنی شەقامێكی ٦٠ مەتری لە كەرتی هەشتی حەسارۆك جێبەجێ دەكرێت و بە گشتی پرۆژەی خزمەتگوزاریی دەگەیەندرێتە گەڕەكەكە.

ڕێكه‌وتی ٢١ ی ئابی ٢٠٢٢به‌ سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گرێبەستی گەیاندنی خزمەتگوزاریی دروستكردنی شەقامێكی ٦٠مەتری و ئاوەڕۆ بۆ كەرتی ٨ ی حەسارۆك بە گوژمەی حەوت ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار لەنێوان وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و كۆمپانیای گەلیاوە واژوو كرا و پرۆژەی دروستكردنی شەقامە ٦٠مەترییەكە و ئاوەڕۆی ٨ی حەسارۆك كەوتە بواری جێبەجێكردن و هەر هەمان ڕۆژ، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئەو بەڵێنەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە خاوەن زەوییەكانی ٨ی حەسارۆكی دا بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری بگەیەندرێتە ئەو گەڕەكە، چووە بواری جێبەجێكردنەوە و خزمەتگوزارییەكی زۆر باش لە ٨ ی حەسارۆك جێبەجێ دەكرێت.