Skip to the content

بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی دووەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی گەشتیاری لە شاری دهۆك دەستیپێكرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، لە شاری دهۆك، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی گەشتوگوزار، بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دووەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی گەشتوگوزار بە بەشداریی زیاتر لە ١٥٠ كۆمپانیای ناوخۆ و بیانی كرایەوە.

تێیدا مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەشەكانی پێشانگەكەی بەسەركردەوە و لە نزیكەوە بەدواداچوونی چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی كارەكانی پێشانگەكە كرد.

لە ڕێوڕەسمەكەدا، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، وتارێكی پێشكەشكرد و جەختی كردەوە "كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە پێشینەی كارەكانیدا، پشتگیری و پاڵپشتییی زۆری كەرتی گەشتوگوزار دەكات، وەك سەرچاوەیەكی گرنگیی داهات بۆ حكوومەت."

لە بەشێكی تری وتارەكەیدا، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ساسان عەونی، پیرۆزبایی لە سەرجەم فەرمانبەران و كارمەندانی گەشتوگوزار و خاوەنكارانی بواری گەشتوگوزار كرد بۆ بەڕێوەچوونی ئەو پێشانگەیە، كە كاریگەری لەسەر پەرەپێدانی سێكتەری گەشتوگوزار دەبێت، هەروەها سەبارەت بە ڕۆڵی كەرتی تایبەت لە پەرەپێدانی گەشتوگوزاردا، جەختی كردەوە "گرنگە كەرتی تایبەت هاوكار و هەماهەنگ بێت لەگەڵ حكوومەت، بۆ بەرەوپێشبردنی سێكتەری گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان."

لە بەشێكی تری وتارەكەیدا ساسان عەونی، سەبارەت بە ژینگەی پارێزگەی دهۆك لە بواری گەشتیاریدا، ئاماژەی بەوەش كرد كە "شاری دهۆك شارێكە لە ڕووی گەشتیارییەوە دەوڵەمەندە و خاوەنی چەندین ناوچە و شوێنی گەشتیاریی جوانە لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا."

ئەو پێشانگە گەشتیارییە یەكێكە لە بایەخدانەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بە كەرتی گەشتوگوزار، بۆ پەرەپێدانی سێكتەرەكە و زیادكردنی سەرچاوەكانی داهات.

پێشانگەكە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بە بەشداریی زیاتر لە ١٥ كۆمپانیای ناوخۆ و بیانی، تا ٢٩ی مانگ بەردەوام دەبێت، كە زیاتر لە سەد خێوەتگە و شوێنی تایبەت بۆ كۆمپانیا و لایەنە بەشدارەكان ئامادە كراون.

ئامانج لە پێشانگەكە ناساندنی سێكتەری گەشتوگوزارە لە سنووری پارێزگەی دهۆك كە دەوڵەمەندترین پارێزگەیە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق، لە بواری گەشتوگوزاردا.

لە پێشانگەكەدا چەندین پڕۆگرامی جیاواز پێشكەش دەكرێن، لەوانە نیشاندانی كاری دەستی و جلوبەرگی كولتووری و پێشكەشكردنی چەندین پانێلی ئەكادیمیی تایبەت بە پەرەپێدانی گەشتوگوزار و واژووكردنی گرێبەستی گەشتوگوزار، لەگەڵ كاری هونەری لەلایەن تیپە هونەرییەكان و سەدان جۆر لە كاری دیكە كە پەیوەندیدارن بە سێكتەری گەشتوگوزار.