Skip to the content

جێبەجێكردنی پرۆژەی چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاكی شاری هەولێر و دەوروبەری تاووتوێ كرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەمەبەستی تاوتوێكردنی جێبەجێكردنی پرۆژەی چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاكی شاری هەولێر و دەوروبەری لەگەڵ شاندێكی كۆمپانیای (Energy Transfer Vienna GmbH)ی نەمسایی كە پێكهاتبوون لە پیتەر ڤاكسینەیگا، بەڕێوەبەری كۆمپانیا و والتەر موسكات ڕاوێژكار، كریستیان مالسكیل ڕێكخەری پرۆژە و پاولا واشینگەر بەڕێوەبەری كارپێكردن، كۆبووەوە.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار باسی لە ئەجێندای كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە گرنگییەكی زۆر بە چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاكی شار و شارۆچكەكانی كوردستان دەدات و سەبارەت بە پرۆژەی چارەسەركردنی خاشاكی شاری هەولێر و دەوروبەری، ساسان عەونی جەختی لەسەر گرنگی و پێویستیی پرۆژەكە بۆ شاری هەولێر و دەوروبەری كردەوە و ئاماژەی بەوەش كرد كە ئەم پرۆژەیە لای حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێی بایەخە و لەم سۆنگەیەوە ئامادەیی هەر جۆرە ئاسانكاری و هاوكارییەكی حكوومەت و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری بە مەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەكە دەربڕی.

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار هاوكات تیمێكی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری بە مەبەستی هاوكاری و هەماهەنگی و ئاسانكاریكردن لەگەڵ كۆمپانیای جێبەجێكار بە مەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەكە ڕاسپارد. لە بەرانبەردا شاندی كۆمپانیا جەختیان لە فراوانكردنی پەیوەندی و هەماهەنگییەكان كردەوە و ئامادەیی خۆیان بۆ هەر جۆرە هاوكاری و كارئاسانییەك بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاكی هەولێر و دەوروبەری دەربڕی.