Skip to the content

كۆبوونەوەی لیژنەی بەسیستەمكردنی كۆكردنەوەی داهاتی ئاو بەڕێوەچوو

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە دیوانی وەزارەت، سەرپەرشتیی كۆبوونەوەی لیژنەی تایبەت بە بەسیستەمكردنی كۆكردنەوەی داهاتی ئاوی خواردنەوەی كرد.

لیژنەكە بەپێی فەرمانی سەرۆكایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران/فەرمانگەی بەدواداچوونی پرۆژەكان بە ژمارەی ١١٧٢٧ لە ١٧یئابی ٢٠٢٢ بە سەرۆكایەتیی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئەندامێتیی نوێنەرێكی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتەكانی شارەوانی و گەشتوگوزار، دارایی و ئابووری، پلاندانان، دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە و هەر چوار پارێزگەكە و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ پێكهاتووە.

لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی بڕیارەكە و ڕێكارەكانی بەسیستەمكردنی كۆكردنەوەی داهاتی ئاو كرا كە لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییان و باشكردنی شێوازی كۆكردنەوەی داهاتی ئاوە، هەروەها جەختكرایەوە لەسەر ئەوەی ئەم پرۆژەیە هیچ بارگرانییەك ناخاتە سەر هاووڵاتییان، بەڵكوو سوودی زۆریشی بۆ هاوبەشانی ئاو دەبێت.