Skip to the content

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و كونسوڵی ئەمەریكا پرۆژە خزمەتگوزارییەكان تاووتوێ دەكەن

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، پێشوازی لە ئێرڤن هیكس، كونسوڵی نوێی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا وێڕای بەخێرهێنانی شاندەكە، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، تیشكی خستە سەر سێكتەرە خزمەتگوزارییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كە هەر یەك لە سێكتەرەكان ڕۆڵیان بەرچاویان لە خزمەتكردنی هاووڵاتییان و پێشكەوتن و بووژانەوەی سێكتەرەكانی كوردستاندا هەیە.

لە بەرانبەردا كونسوڵی ئەمەریكا باسی لە هاوكاری و هەماهەنگییەكانی وڵاتەكەی بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد لە بواری گەشەپێدانی سێكتەرەكانی خزمەتگوزاری و چەندین بواری دیكەدا، جەختی كردەوە ئەوان لە داهاتوودا دەتوانن لە ڕێگەی پسپۆڕان و كۆمپانیا ئەمەریكییەكانەوە، لە پەرەپێدانی ئەو سێكتەرە خزمەتگوزارییانەدا هاوكاری زیاتری دامودەزگەكانی حكوومەت و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەبن.

لە تەوەرەیەکی تری دیدارەكەدا باس لە چۆنیەتیی پەرەپێدانی سێكتەرەكانی گەشتوگوزار و شوێنەوار كرا، بە تایبەتی ئێستا تیمێكی ئەمەریكی لە بواری شوێنەواردا لە جێبەجێكردنی پڕۆژە و نۆژەنكردنەوەی شوێنە شوێنەوارییەكان، هاوكاری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەكەن.

پاشان وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و كونسوڵی ئەمەریكا جەختیان لە بەرەوپێشبردنی ئاستی هاوكاری و پەیوەندی و فراوانكردنی هەماهەنگییەكان كردەوە.