Skip to the content

گوژمەی زیاتر لە ٨٧ ملیۆن دینار بۆ قیڕتاوكردنی شەقامی بنەسڵاوە-كەسنەزان خەرج دەكرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-بە مەبەستی پەرەپێدانی پڕۆژەكانی خزمەتگوزاری لە سنووری شار و شارۆچكەكانی سەر بە پارێزگای هەولێر، ڕەزامەندی خەرجكردنی گوژمەیەك بە بڕی ٨٧ ملیۆن و ٣٩٩ هەزار دینار درا.

گوژمەكە لەسەر ڕێژەی ١٥٪ی داهاتی شارەوانییە و لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بە مەبەستی جێبەجێكردنی پڕۆژەی دروستكردنی شەقام و قیڕتاوكردنی شەقامی نێوان بنەسڵاوە-كەسنەزان لە گەڕەكی قەڵاتی نوێ لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی بنەسڵاوە بڕیاری خەرجكردنی دراوە.

ئەو شەقامە هاتوچۆیەكی زۆری شۆفێرانی نێوان هەردوو شارۆچكەی بنەسڵاوە و كەسنەزانی بەسەرەوەیە و دەبێتە ئاسانكارییەك بۆ دانیشتووانی سنوورەكە بە گشتی و تایبەتی گەڕەكی قەڵاتی نوێ كە كەوتووەتە نزیك شەقامەكە.