Skip to the content

ساڵی ڕابردوو ٥٣٠ پڕۆژە لەسەر داهاتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ كراون

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- لە ساڵی ڕابردوودا لە سنووری پارێزگەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و ڕاپەڕین و سۆران و زاخۆ، لەسەر بودجەی داهاتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە گوژمەی (٢٨٫٥٢٠٫٥٩٢٫٧١٨) دینار،٥٣٠ پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سێكتەرەكانی شارەوانی، ئاو و ئاوەڕۆ و گەشتوگوزار جێبەجێ كراون. لە سێكتەری شارەوانیدا ٢٣٥ پڕۆژە و لە سێكتەری ئاو و ئاوەڕۆدا ٢٧٧ پڕۆژە و لە سێكتەری گەشتوگوزاریشدا ١٨ پرۆژە جێبەجێ كراون.

جگە لەو ٥٣٠ پڕۆژانەی كە لەسەر داهاتی دامودەزگەكانی شارەوانی و ئاو و ئاوەڕۆ و گەشتوگوزار جێبەجێ كراون، هاوكات ژمارەیەك پڕۆژەی دیكەش لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە گوژمەیان بۆ تەرخان كراوە و جێبەجێ كراون و لە سەرجەم پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكان تەواو كراون.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند: "لەسەر ڕاسپاردە و ڕێنماییە بەردەوامەکانی كاك مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ سەرجەم وەزارەتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە ڕێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆیی، لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕێنماییە بەردەوامانە، ئێمە وەکوو وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بەردەوام لە هەوڵی ڕێکخستنەوەی داهاتە ناوخۆییەکانمان بووین و بەپێی پلانێک کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢١ بۆ ساڵی ٢٠٢٢ داماننا، ئامانجان ئەوەبوو بتوانین داهاتەکانمان ٣٥% بە بەراورد بە داهاتەکانی ساڵی ٢٠٢١ زیاد بکەین، دەتوانین بڵێین تاوەکوو ٢٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ کە دوایین ڕۆژی دەوامی فەرمیی دامودەزگەکان بوو، داهاتی سەرجەم فەرمانگەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ٣٠٦ ملیار و ٢٥٠ ملیۆن دینار بووە، بە بەراورد بە ڕێژەی پارساڵ و ئەو پلانەی داماننابوو توانیومانە ٥٥% داهاتەکانمان زیاد بکەین."

ساسان عەونی سەبارەت بە ڕێژەیەك لەو داهاتانە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكان گوتی: "بە دوو شێوە دەتوانین سوود لەو داهاتە وەربگرین کە ١٥%ی ئەو داهاتە لە هەر سەرۆکایەتییەکی شارەوانی لە هەر بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتی، دەکرێتەوە خزمەتگوزاری بۆ هەمان شار و شارۆچکە و خزمەتگوزاریی شارەوانی پێ ئەنجام دەدرێت. سەبارەت بە کەرتی ئاویش ١٧%ی ئەو داهاتە دەکرێتەوە پڕۆژەی خزمەتگوزاری و پڕۆژەی خزمەتگوزاریی ئاو و ئاوەڕۆی لە شار و شارۆچکەکان پێ ئەنجام دەدرێت."