Skip to the content

لە شاری كەلار بە گوژمەی ٨١٣ ملیۆن دینار شەقامێكی جووتساید دروست دەكرێت

هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD)- وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە چوارچێوەی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بایەخێكی زۆر بە پەرەپێدانی پرۆژەی دروستكردن و نۆژەنكردنەوەی شەقامی ناوخۆیی و سەرەكی لە شار و شارۆچكەكان دەدات و لەم چوارچێوەیەشدا پڕۆژەی دروستكردنی شەقامێكی جووتساید لە شاری كەلار ئێستا لە قۆناغی جێبەجێكردندایە.

گوژمەی ئەو پڕۆژەیە بریتییە لە ٨١٣ ملیۆن دینار و لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانە و لەلایەن سەرۆکایەتیی شارەوانیی کەلار سەرپەرشتیی جێبەجێكردنی دەكرێت.

ئەو پڕۆژەیە شەقامێکی ٣٠ مەتریی جووتساید بە درێژایی هەزار و هەشتا مەتر لە خۆی دەگرێت و دروستکردنی شۆستە و ئاوەڕۆ و باراناو و چەند تایبەتمەندییەكی دیكەشی لەگەڵدایە. بە تەواوبوونی پڕۆژەكە، دانیشتوانی هەر چوار گەڕەکی ئەندازیاران و ڕزگاری و ئەنفال و گەرمیان لە شاری كەلار سوودمەند دەبن.