Skip to the content

هەرێمی كوردستان و وڵاتی چیك هەماهەنگی لەسەر پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزار دەكەن

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتی چیك خوازیاری پێشخستن و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانییەتی و لەو میانەشدا گەشەپێدانی كەرتی گەشتوگوزار بە ئامانج دەگرن.

ڕۆژی چوارشەممە، ١١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، پێشوازی لە کارێل کۆرتانێک، کونسوڵی وڵاتی چیک لە هەرێمی کوردستان كرد.

وێڕای گفتوگۆكردن و جەختكردنەوە لە پەرەپێدانی پەیوەندی و هەماهەنگییەكان، پەرەپێدانی سێكتەری گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان تەوەرەیەكی تری دیدارەكەی نێوانیان بوو. لەمبارەیەوە كونسوڵی چیك، ئاماژەی بەوە كرد "وڵاتەكەی ئومێدەوارە لە بواری گەشتوگوزاردا لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار هاوكار و هەماهەنگ بێت؛ چیك وڵاتێكی گەشتیارییە و ئەوان دەتوانن هەماهەنگ و هاوكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەم ڕووەوە بكەن."

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سوپاسی حكومەت و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری پێڕاگەیاند و جەختی لە كارنامە و سیاسەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەهیزكردنی سێكتەری گەشتوگوزار كردەوە، بۆ ئەوەی ڕۆڵی لە زیادكردنی سەرچاوەكانی داهات هەبێت".
دووپاتیشی كردەوە "وەك وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار هاوكار و هەماهەنگ دەبین، بە مەبەستی پەرەپێدانی سێكتەری گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان."