Skip to the content

دانیشتووانی گوندی ڕەشكین لە هەولێر بە پێدانی چەند پارچە زەوییەك قەرەبوو كرانەوە

پرۆسەی بەڕێوەچوونی تیروپشك بۆ قەرەبووكردنەوەی گوندی ڕەشكین بە پێدانی مافکەوتەی ژمارەی زەوی لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو و ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی گەشتو گوزار رایگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆكی حكومەت، دانیشتووانی ڕەشكین لە باشترین شوێنی شاری هەولێر قەرەبوو كرانەوە و شوێنەكەش دەكرێتە شەقامی دووساید و پارك و ناوچەیی سەوزایی و بەناوی "ڕەشكین"ەوە دەكرێن.

رۆژی پێنجشەممە ١٨ی ئایاری ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و دادوەری داواکاری گشتی و سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و قائیمقامی ناوەندی هەولێر و لیژنەی قەرەبوووكردنەوە و دانیشتووانی گوندی ڕەشكین لە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، پرۆسەی تیروپشك بە پێدانی چەند پارچە زەوییەك بۆ قەرەبووكردنەوەی هەر خاوەن مافێکی گوندی ڕەشكین بەڕێوەچوو و هەر هەمان رۆژ سەنەدی زەوییەكانیان وەرگرت.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند: ''مافی دانیشتووانی ڕەشكین زۆر بە زیادەوە حسابی بۆ كراوە و لە شوێنە زۆر باشەكانی شاری هەولێر زەویەکەیان وەردەگرن.''

ساسان عەونی ئاماژەشی بەوەدا کە ڕەشكین كەوتووەتە ناوچەی قەدەغەكراوی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و لە ماستەرپلاندا سەوزاییە بۆیە ئەو دامەزراوانەی ئەوێ لەوێ لادەچن و لە شوێنەكەشی شەقامی دووساید بەناوی شەقامی ڕەشكین دروست دەكرێت و دەكرێتە پارك و ناوچەی سەوزایی و بە هەمان شێوە بەناوی "ڕەشكین" دەكرێن، ئەمەش بۆ ئەوەیە ناوی ڕەشكین بمێنێتەوە.

ساسان عەونی، راشیگەیاند:''لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی كاك مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی دانیشتووانی ڕەكشین، مافیان نەفەوتێت و بە زیادەوەش مافیان پێبدرێت، لە نزیكترین و باشترین شوێنەكانی شاری هەولێر بۆ قەرەبووكردنەوەی دانیشتووانی ڕەشكین، لە كەرتی٣٢ی پارك و ناوچەی تێرمیناڵ لە هەولێر زەوییان بۆ تەرخانکراوە، بۆیە لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆكی حكومەت گرنگترین زەویی شاری هەولێر بۆ دانیشتووانی ڕەشكین كردە قەرەبوو و شوێنی نیشتەجێ بوون، بۆیە بە زیادەوە قەرەبووی دانیشتووانی ڕەشكین کراوەتەوە.''

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی:''ئەوەی حەز دەكات لە ٣٢ی پارك دەست بە دروستكردنی خانووەكەی بكات، ئەمڕۆ سەنەد وەردەگرێت و بە هەمان شێوە لە تێرمیناڵیش سەنەد وەردەگرن و یەكسەر ڕێپێدانیش وەردەگرن و هەر كەسێكیش ناڕازییە یان پێیوایە مافی وەك پێویست نەدراوە، تاوەكوو یەك هەفتە، لیژنەی قەرەبووكردنەوە سكاڵاكان وەردەگرێت.''