Skip to the content

وەزیری پلاندانان: ژمارەیەک بەنداو لە سەرتاسەری هەرێم دروست دەکەین

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) ـ دوێنێ یەکشەممە ٩/٥/٢٠٢١ى زایینى، دکتۆر دارا ڕەشید وەزیرى پلاندانان و بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوى حکومەتى هەرێمى کوردستان کۆ بوونەوە و گفتوگۆیان لەسەر چۆنیەتی پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و بەتایبەتیش بووژاندنەوە و دروستکردنى بەنداوەکان کرد.

لە دیدارێکەیاندا، باس لە کەمبوونەوەی ئاو و دابەزینی ئاستی ئاوی بەنداوەکان كرا، وەزیری پلاندانانیش لەم بارەوە گوتی "وەزارەتەکەمان هانی کۆمپانیا ناوخۆیی و جیهانییەکان دەدات بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی، بۆ دروستکردنى بەنداویش گرنگە یارمه‌تیده‌ر بن، چونکە حکومەتى هەرێم بڕیارى دروستکردن و نۆژەنکردنەوەى چەندین بەنداوى لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان داوە و کەرتی تایبەتیش ڕۆڵی دەبێت لە جێبەجێکردنیان".

وەزیری کشتوکاڵیش ئاماژەی بە پلانی ستراتیژی وەزارەتەکەى کرد بە ئامانجی باشترکردن و هاندانی جوتیاران بۆ بەبازاڕکردن و زیاترکردنى بەرووبوومی ناوخۆیی و پاشان قسە لەسەر گرفتی كه‌مبارانی و وشكه‌ساڵی و لیژنەى دروستکراوى حکومەتى هەرێم بۆ ئەم مەبەستە کرا کە لەسەر ئاستێکى باڵا کارى لەسەر دەکرێت.