Skip to the content

وەزارەتی پلاندانان و بەرنامەی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق لێکتێگەیشتنێکیان ئیمزاکرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-وەزارەتی پلاندانان و بەرنامەی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق لێکتێگەیشتنێکیان ئیمزاکرد، ڕۆژی  یەکشەممە ٢٧/٢/٢٠٢٢، لەمەراسیمێکدا یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان د.دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان و زینە عەلی نوێنەری بەرنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق بە ئامادەبوونی ڕۆبەرت جەی پەلەدینۆ کونسوڵی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و بریکاری وەزارەتی پلاندانان ئیمزا کرا.
لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانی د.دارا ڕەشید سوپاسی پاڵپشتی و هاوکارییەکانی (USAID) و (UNDP) کرد بۆ وەزارەتی پلاندانان لە ئەنجامدانی ڕووپێوی دامەزراوەکان لەسەر ئاستی بزنسی (زۆر بچووک و مامناوەندەکان) لەهەرێمی کوردستان.
وەزیری پلاندانان وتیشی مەبەست لە ئەنجامدانی ڕووپێوەکە بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری و ڕەخساندنی دەرفەتی کارە بۆ گەنجان و لاوان و یارمەتیدانی کەرتی تایبەتە لە پاڵپشتیکردنیان لە بزنسە بچووک و مامناوەندەکان لەبوارە جیاوازەکان، هاوکات ئامانجی حکومەتی هەرێمیشە کە لە ڕێگەی ئەنجامەکانی ئەم ڕووپێوەوە کەم و کوڕی و ئاستەنگەکانی بەردەم ئەم جۆرە بزنسانە دیاری بکات و چارەسەر و پاڵپشتیی پێویستیان پێشکەش بکات.
دواتر هەر یەک لە کونسوڵی ئەمریکا لە هەرێم و نوێنەری بەرنامەی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق ئاماژەیان بە بەردەوامیدانی هاوکارییەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان کرد.