Skip to the content

وەزیری پلاندانان و کونسوڵی ئەڵمانیا جەختیان لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان کردەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢٢/٧/٢٤، دارا ڕەشید وەزیری پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کلێمنس زێمتنەر، کونسوڵی گشتیی کۆماری ئەڵمانیای فیدڕاڵ کرد کە بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی و ماڵئاواییکردنی لە هەرێم، وەک کونسوڵی ئەڵمانیا سەردانی وەزارەتی پلاندانانی کردبوو.
لە دیدارەکەدا وەزیری پلاندانان ستایشی ڕۆڵ و ئەرکی کونسوڵ و وڵاتی ئەڵمانیای کرد کە بەردەوام پاڵپشت و هاوکاریی هەرێم بوونە لە بوارە جیاجیاکان، بەتایبەت بوونی ژمارەیەک کۆمپانیا و ئاژانس و ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی ئەڵمانیا کە جێدەستیان لە جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژەی جۆراوجۆردا دیارە.
هەروەها هیوای سەرکەوتنی بۆ ئەرکەکانی داهاتووی کلێمنس زێمتنەر خواست کە لەماوەی ڕابردوودا وەک کونسوڵی ئەڵمانیا ڕۆڵی گەورەی لە پتەوکردنی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ هەرێمدا بینیوە.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، وەزیری پلاندانان داوای لە کونسوڵ کرد چۆن لە ڕابردوو هەوڵیان داوە، لە داهاتووشدا هانی کۆمپانیا گەورەکانیان بدەن بۆ ئەوەی لە هەرێم وەبەرهێنان و پڕۆژەی ستراتیژیی گرنگ ئەنجام بدەن.