Skip to the content

هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا ژاپۆنییەکان هەماهەنگیی زیاتر دەکەن

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە ١٩ دکتۆر دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان پێشوازی لە جێن یۆنێدا، بەرێوەبەری ئۆفیسی جایکای ژاپۆن لە عێراق و ئامۆژگار حەوێزی، بەڕێوەبەری پێشکەوتووی پڕۆگرامەکان کرد.

لە دیدارێک باس لە بەردەوامیدان و پتەوکردنی هەماهەنگیی نێوان کۆمپانیا ژاپۆنییەکان و کۆمپانیاکانی کوردستان کرایەوە، لە رێگەی رەخساندنی زەمینەیەکی لەبار بۆ وەبەرهێنان لە سێکتەرە جیاجیاکان.

هەر لە دیدارەکەدا وەزیری پلاندانان، داوای کرد کۆمپانیا ژاپۆنییەکان ڕۆڵی گەورەتر لە جێبەجێکردن و کارکردن لە پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییەکانی هەرێم بگێڕن. بەتایبەت لە پڕۆژەی هەموارکردنەوەی ماستەرپلانی هەولێر و پێشکەشکردنی هاوکاریی تەکنیکی بۆ کەرتی گەشتوگوزار و کشتوکاڵ و دابینکردنی پسپۆری و شارەزایی بۆ پەرەپێدانی شەقامی ١٠٠ مەتریی سلێمانی و نۆژەنکردنەوەی مۆزەخانەی سلێمانی.

د.دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان بە پێویستی زانی کۆمپانیا ژاپۆنییەکان و ئاژانسی جایکای ژاپۆنی بەردەوام بن لە سەر هاوکارییەکانیان بۆ هەرێم، لە تەواوی ناوچەکان؛ لەگەڵ گرنگیدانیش بە کردنەوەی خول و راهێنان بۆ فەرمانبەران.

لە بەشێکی تری دیدارەکە، گفتوگۆ لە بارەی پرۆژەکانیان کرا، بەشێوەیەک تا کۆتایی ئەمساڵ پڕۆژەی ئاوی هەڵەبجە و سلێمانی و هەولێر تەواو دەبێت.