Skip to the content

لەرێورەسمێكدا بەرێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە ئاڵوگۆڕ كرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی ٢٠٢١/٤/٦ بە ئامادەبوونی عەمید عوسمان بەرێوەبەری گشتی راگەیاندن و هۆشیاری نیشتیمانی‌و عەمید سەربەست جەباری جێگری بەرێوەبەری کارگێری وەزارەت و ژمارەیەك لە ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە، رێورەسمی ئاڵوگۆڕی بەرێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە لەسەنتەری میدیای بەرێوەبەرایەتیەكە بەرێوەچوو.

لەسەرەتای رێورەسمەكەدا عەمید عوسمان مەحەمەد مستەفا دوای ئەوەی ئەركی بەرێوەبەری گشتی راگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی پێسپێردرا، لەشوێنی ئەو عەقید ستار عەبدولكەریم عەزیز وەك بەرێوەبەری راگەیاندن دەست بەكاربوو.

لەوتەیەكیدا عەمید عوسمان پیرۆزبایی لە بەرێوەبەری تازەی راگەیاندن كرد و هیوای خواست لەئەرك و كارەكانی داهاتووی سەركەوتوو بێت، پشتیوانی خۆشی دەربڕی لە پێناو بەرەو پێشبردنی كارەكان و هەنگاونان بۆ پێشكەوتنی زیاتر لەكاری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە.

گوتیشی: كاری بەرێوەبەرایەتی راگەیاندن لەگەڵ بەرێوەبەرایەتیەكانی دیكەی وەزارەتی پێشمەرگە جیاوازە، بۆیە ئەركی راگەیاندن پێویستی بەسەلیقە و كاری هاوبەشی سەرجەم كارمەندانی بەرێوەبەرایەتی راگەیاندن هەیە، هاوكات ستایشی بەرێوەبەری تازەی كرد كە لە ئەرکەکانی رابردووی سەركەوتوو بووە و بە دڵسۆزییەوە جێبەجێكردووە.

لەلای خۆشیەوە عەقید ستار عەبدولكەریم عەزیز بەرێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە وەرگرتنی ئەو ئەركە و سوپاسی ئامادەبوانی كرد بۆپشتگیری‌ و ئامادەبونیان لە رێورەسمی دەست بەكاربوونی وەك بەرێوەبەری راگەیاندن.

گوتیشی: بە پشتیوانی عەمید عوسمان و سەرجەم ئەفسەر و كارمەندان هەموو هەوڵێكم دەخەمەگڕ بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكەم و بەرەو پێشبردنی كاری راگەیاندن لە وەزارەتی پێشمەرگە، هەروەك چۆن لە رابردوو بە دڵسۆزی و كۆششی بەردەوام كارمكردووە، لەمەودواش لە ئەركی تازەم لە بەرێوەبەرایەتی راگەیاندن بەردەوام دەبم.

هەرلەو رێورەسمەدا لەلایەن ئامادەبوانەوە پیرۆزبایی لە هەردوولا كرا و گۆڕانكاری و جێگۆڕكیان بە پێویست و كارێكی ئاسایی زانی، كە هەمووی لە پێناو بەرو پێشچوونی كارەبارەكانی بەرێوەبەرایەتیەکانی وەزارەتی پێشمەرگەیە.