Skip to the content

سەرۆكی ئەركان پێشوازی لە شاندێكی سەربازی ئەڵمانیای فیدراڵ كرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق(GOV.KRD)- ئەمڕۆ 24/1/2021، فەریق جەمال محەمەد، سەرۆكی هەیئەی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە پێشوازی لە شاندێكی سەربازی ئەڵمانیای فیدراڵ كرد، كە پێكهاتبوو لە جەنەڕاڵ نۆگرادی فەرماندەی تیمی سەربازی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان و عێراق و کۆنێڵ ئیفگرجۆن راوێژكاری سەربازی ئەڵمانیا لە وەزارەتی پێشمەرگە.

لەو كۆبونەوەیەدا، فەریق جەمال محەمەد سەرۆك ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەسەردانی شاندنی میوان و رۆڵی هێزەكانی هاوپەیمانانی لە نێویشیان هێزەكانی ئەڵمانیای بەرز نرخاند لە رووبەڕووبونەووەی تیرۆرستانی داعش و هاوكاری پێشمەرگە بەتایبەتی لەرووی مەشق و راهێنان.

هەر لەو كۆبونەوەیەكدا باس لە دوا پێشهاتەكانی رەوشی عێراق و هەرێمی كوردستان و ناوچەكە كرا، هاوكات هەماهەنگی نێوان هێزەکانی هاوپەیمانان و هێزەكانی پێشمەرگە بە گرنگ و پێویست زانرا بەتایبەتی لەكاتی ئێستا كە هێشتا هەڕەشەی تیرۆرستانی داعش لە ناوچەكە ماون و رۆژانە كاری تیرۆرستی ئەنجامدەدەن.