Skip to the content

بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە پێشوازی لەشاندێکی باڵای راوێژکارانی هاوپەیمانان لەهەولێر کرد

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ 14/6/2021، لەدیوانی وەزارەتی پێشمەرگە، سەربەست لەزگین بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، بەئامادەبوونی فەریق جمال محمد سەرۆکی ئەڕکانی وەزارەت و عمید روکن محمد سعید محمدنوری بەرێوەبەری هەماهەنگی وپەیوەندیەکانی وەزارەت و عەمیدی ئەندازیار نەبەز صدیق بەرێوەبەری چاکسازی، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ چارلی راوێژکاری سەربازی کونسوڵخانەی بەریتانیا لەهەولێر و کۆڵۆنێڵ یان راوێژکاری سەربازی هێزەکانی هۆڵەندا و ملحقی سەربازی کونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لەهەولێر کرد.
لەدیدارێکدا، گفتوگۆ دەربارەی دواین بەرەوپێشوەچونەکان و هەنگاوەکانی پرۆسەی چاکسازی لەناو هێزەکانی پێشمەرگەو یەکگرتنەوەی هەردوو هێزی 70 و80 ی هێزەکانی پێشمەرگە، لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە کرا.
لەلایەن بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەوە رۆڵی هاوپەیمانان بەرز نرخێنرا لەپای یارمەتیە راوێژکارییەکان و هاوکارییە لۆجستیەکانیان بۆهێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان.
لەکۆتایی کۆبونەوەکەدا، تیشک خرایە سەر دۆستایەتی و پەیوەندی بەردەوامی نێوان هاوپەیمانان وهێزەکانی پێشمەرگە، جەخت لەسەر بەردەوامی وبەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان کرایەوە.