Skip to the content

په‌یامی وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ به‌ بۆنه‌ی 8ی مارس رۆژی جیهانی ژنان

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بە بۆنەی رۆژی (٨) مارس، رۆژی جیهانی ژنان، پیرۆزبایی لە ژنانی سەربەرزی كوردستان ده‌كه‌م، پیرۆزبایی گەرم لە خانه‌واده ‌و دایك و هاوسەر و خوشكی سەربەرزی شەهیدان و قاره‌مانانی پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌م.

ده‌رفه‌تێكی باشیشه‌ لێره‌وه‌ پیرۆزبایی بكه‌م، له‌هه‌موو ئافرەتانی دونیا و هەموو ئەو ژنە تێكۆشەرانەی، كە شانبەشانی پیاوان بۆ ئازادی و رزگاری كوردستان و مرۆڤایەتی خەباتیان كردووە و قوربانیان داوە.

٨ ى مارس رۆژی جیهانی ژن. رۆژێك، كە بووە بە رەمزی خەباتی ژنان بە نەهێشتنی جیاوازی جێندەری. ڕێزگرتن لە ٨ مارس ڕێز گرتنە لە خەباتی زیاتر لە دوو سەدەی ژنان بۆ نەهێشتنی چەوسانەوەیەك، كە بە هۆی سیستەمی پیاو سالارییەوە بە سەریاندا داسەپاوە. خەباتی ژنان پەیوەست نییە بە ٨ی مارسەوە، بەڵكوو ٨ی مارس بووە بە رەمزی خەباتی ژنان دژ بە چەوسانه‌وه‌.

لەكاتێكدا ئەم ساڵ یادی ٨ی مارس دەكەینەوە، جێگه‌ی خۆشحاڵی ئێمه‌یه‌‌ ئێستا له‌هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان، ژنان و ئافرەتان، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هاوشانی پیاوان له ‌خه‌باتی به‌رگری له‌شوناس و مافی ره‌وای گه‌له‌كه‌یان به‌شدارن، قوتابخانه‌یه‌كیش بوون بۆ هاندان و په‌روه‌رده‌كردنی ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی به‌رگری له‌خاك وئازادی و دۆزی گه‌له‌كه‌مان كرد و هه‌موو كات پشت و په‌نای پیاوان و راگرتن و به‌رده‌وامیان بوون. روونه‌ كه‌ له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه،‌ كارمه‌ند وپێشمه‌رگه‌و ئه‌فسه‌رانی باڵای ژن هه‌یه‌ و رۆڵی گرینگ و كاریگه‌ریان گێڕاوه‌ له‌ته‌واوی كایه‌ سه‌ربازی و ئیدارییه‌كاندا، ئێمه‌ به‌چاوی هاوخه‌بات و هاوسه‌نگه‌ر لێیان ده‌ڕوانین و ئه‌و روانگه‌یه‌ش له‌ئه‌نجامی باوه‌ڕبوونی ته‌واومان به‌ پره‌نسیپه‌كانی یه‌كسانی نێوان ژنان و پیاوان هه‌یه‌ و، ئیدی كاتی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و جیاوازیه‌ به‌لاوه‌ بنرێ و له‌رێگه‌ی به‌هێز سه‌یركردنی ژن و فه‌راهه‌مكردنی كه‌شی گونجاو و پانتایی ئازادیان له‌كار و داهێنان، توندوتیژی نه‌هێڵین و له ‌قۆناغه‌كانی دادێ به‌ته‌واوی كه‌میبكه‌ینه‌وه‌و بنبڕی بكه‌ین.

لەو یادە پیرۆزەدا ویڕای بەرز نرخاندنی خەبات و تێكۆشانی ژنان بەگشتی و كوردستان بە تایبەتی، به‌دیاریكراویش هێزی قاره‌مانانه‌ی ژنان له‌ناو هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، خوازیارین ژنانی كورد یەكگرتووانە و كۆڵنەدەرانە لە رێگای وەدەستهێنانی سەرجەم مافە نەتەوەیی و مرۆڤاتیه‌كان هەنگاوەكانیان بە بڕشتر لە رابردوو هەڵبگرن و ئاواتەخوازین بە هاوكاری سەرجەم ژنان و پیاوان و رێكخراوە مودێڕن و پێشكەوتوخوازەكان كۆمەڵگایەكی یەكسان و پڕ لە جوانی بنیات بنێین. ئەم راستییەش لەبیر ناكەینەوە كە كورتترین رێگای گەیشتن بە ئامانجەكان، رێگای یەكگرتوویی و هاودەنگی و یه‌كسانیه.

بەر لەیەک ساڵ، وەزارەتی پێشمەرگە، بەخۆشحاڵیەوە پڕۆژەی جێنده‌ر” یەکسانی کۆمەڵایەتی“ راگەیاند بۆ یەکسانی کۆمەڵایەتی و دادپەروەری لەنێوان ژن و پیاو و زیادکردنی رێژەی ژن لەداهاتوودا. ئێستا ئەو پڕۆژەیە جێی خۆی گرتووەو دەرئەنجامی باشیشی هەبووە.

بەهەموو تواناکانمان پاڵپشتی بەدیهێنانی ئامانجەکانی یەکسانی کۆمەڵایەتی دەکەین.

پیرۆز بێت ٨ی مارس رۆژی جیهانی ژنان

شۆڕش ئیسماعیل

وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان