Skip to the content

ئەفسەرێکی پێشمەرگە بەشداری خولی گەیاندن و فەرماندەیی سەربازیی ئەمریکاى کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە چوارچێوەى خشتەی مەشق و ڕاهێنانی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە لە شەڕى دژى تیرۆریستانى داعش، کە خوولەكانى دەرەوەى وڵاتیش لەخۆ دەگرێت، بە پێی چەند مەرج و ڕێنماییەک وەک تاقیكردنەوەی زمانى ئینگلیزى و سەرکەوتن، ڕائید ئەیوب ئەفسەر لە ڕشتەى گەیاندن، وەرگیرا بۆ بەشداریکردن لە هەردوو خولی گەیاندن و فەرماندەیی سەربازی کە لە وڵاتە یەكگرتووەكانى ئەمەریكا و بۆ ماوەی ٨ مانگ بوو بەڕێوە چوو.
شایانی باسە، دواى تەواوكردنى ماوەى هەر دوو خوولەکە کە لە ویلایەتیی ئەمریکا بەڕێوە چوو، بڕوانامەى زمانى سەربازى و بروانامەى سەركردایەتى گەیاندنى سەربازى بە دەست هێنا تا لە یەکە سەربازییەکەی خۆی لە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگە خزمەت بە پێشمەرگە و کوردستان بکات.
ڕائید ئەیوب حەمەدەمین ئەفسەری بەشداربوو لە خولەکە، لە لێدوانێکی تایبەت گوتی "من یەكەمین و تەنها ئەفسەرم لە هەموو عێراق و كوردستان كە بەشداریی خوولى (Signal Captain Career course) و (سەركردایەتى و فەرماندەیى گەیاندنى سەربازى)ـم کرد کە یەكێكە لە خوولە هەرە بەهێزەكان و ئەفسەرانى وڵاتانى هاوپەیمانى ئەمەریكا و ناتۆ تێدا بەشدار دەبن.
ئەفسەرانی ١٥٠ وڵات بەشدارى خوولەکەى پەیمانگای (DLI)ی ئەمریکایان کرد و وەک ئەفسەرە بەشداربووە کوردەکەش باسى کرد "دەرفەتێكى باش بوو بۆ ناساندنى پێشمەرگە و كوردستان، ئاڵاى كوردستان لەسەر سینگ و جلەکانم ببووە جێگاى سەرنجى ئەفسەرانى وڵاتانى دونیا و لەو ماوەیە دەرفەت ڕەخسا بۆ ئەوەی باسى كوردستان و مێژوو و خەباتى گەلى كورد و فیدراڵیزمى عێراق و كوردستان بکەم بۆ قوتابیان و ئەفسەرانی بەشداربووی خولەکە".
خوولى دووەم کە تایبەت بوو بە فەرماندەیی و خوێندنى یاساكانى سەربازى ئەمەریكا)، تیایدا کار لەسەر ئەدا كردن، ئەتەكێتى سەربازى، چۆنیەتى بەرێوەبردن و ڕەفتاركردن لەناو یەكەو بارەگاى سەربازى، سەرپەرشتى كردنى ئۆپەراسیۆن، فەرماندەیى، دانانى پلانى جەنگ و پلانى گەیاندنى سەربازى كە زۆربەى لاپەرەى یاساكانى سەربازى ئەمەریكا لە خۆدەگرێت، کرا.
لە سەر ئەم بابەتانە لە نووسینگەى ئەفسەرانى بیانى کە تایبەتە بە شارەزاکردنى بەشداران بوو بە كەلتورى سەربازى و دامەزراوە ڕامیارى و سەربازییەكانى وڵاتە یەكگرتووەكانى ئەمەریكا، لە ڕاپۆرتێکدا بە شیوەی پاوەرپۆینت (٨٠ سلاید و بۆ كاتژمێر و نیوێک) مێژووى گەلى كورد لە ڕووخانى عوسمانییەكانەوە تا شۆڕشەكانى كورد ١٩٦١ ـ ١٩٧٤ و كۆمارى مەهاباد و كارەساتى هەڵەبجە و ئەنفال و ڕاپەڕینى ١٩٩١و دامەزراندنى پەرلەمان و حكومەتى هەرێم و ڕووخانى ڕژێمى بەعس و شەرى داعش پێشكەش بە ئامادەبووان كرا.
ئەم ئەفسەرە کوردە لە مۆزەخانەى هۆلۆكۆست، باسى هەڵەبجە و گازى كیمیایى و شێوازى جینۆسایدى کوردانى بۆ ئامادەبووان کرد لە لایەن بەعسى ڕووخاوەوە کە هەزاران کەس لە گەلى كورد بە فرۆكە و بۆمباباران شەهید و زیندەبەچاڵ کران و بە بەڵگە و ناردنى لینكى یوتیوب بۆ سەر شاشەى هۆڵەكە ڕەخنەى دوو لە ئەفسەرانى عەرەبى ئامادەبووى دایەوە کە ڕەخنەیان لێگرتبوو سەبارەت بەوەى چۆن باسى عەرەب و بەعس بە خراپى دەکات".