Skip to the content

جێگرى فه‌رمانده‌ى هاوپه‌يمانان له‌ عێراق و سوریا هەماهەنگى پێشمەرگە و هێزەکانى عێراقى بە گرنگ وەسف کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی ۲٦ی ئایاری ۲۰۲۱ شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازى له‌ جه‌نه‌راڵ ڕيچارد بێڵ، جێگرى فه‌رمانده‌ى گشتيى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان له‌ عێراق و سووريا و وەفدێکی یاوەری كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا، کە سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەت و فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی و فەریق جەمال محمد سەرۆکی دەستەی ئەرکان و راوێژکارانی وەزارەت ئامادەی بوون، وەزیری پێشمەرگه پيرۆزباييى ده‌ستبه‌كاربوونى له‌ جه‌نه‌راڵ بێڵ لە پۆستە نوێیەکەى كرد و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست، هاوکات ئاماده‌ييى وەزارەتی پێشمەرگەی بۆ به‌رده‌واميى هه‌ماهه‌نگی و هاوکارییەکان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان و كارى هاوبه‌ش بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆریستان دووپات کردەوە.
جێگری فەرماندەی گشتی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا پێداگرى لەسەر تێكشاندنى ئایدۆڵۆژیای تيرۆر لە ناوچەکە و بۆ ئەمەش شێوازی هاوکارییەکانی لەمڕووەوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپات کردەوە.
دامه‌زراندنى ناوه‌نده‌كانى هه‌ماهه‌نگيى هاوبه‌شى نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق بەشێکی تری گفتوگۆکانی ناو کۆبوونەوەکە بوو، هەردوولا بە بایەخەوە لەو هەنگاوەیان ڕوانی بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاسایش و سەقامگیری لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنیان هەیە. لە کۆتایی کۆبونەوەکەش بە وردی تاوتوێی پرسی ڕێفۆرمی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگە کرا و لەمڕووەشەوە هاوکارییەکانی ڕاوێژکارانی هاوپەیمان بۆ سەرجەم سێکتەرەکانی وەزارەت بە گرنگ و پڕ بایەخ لەقەڵەم درا.