Skip to the content

راگەیێندراوێک لەوەزارەتی پێشمەرگەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لەئەنجامی بوونی بۆشایی ئەمنی لەنێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراقی، تیرۆریستانی داعش پەلاماری سەنگەرێکی لیوای ۱۰ی پیادەیان دا، لەبەرزاییەکانی (زورگەزراو)، لەسنوری میحوەری پێنج. پەلامارەکە لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە، بەرپەرچ درایەوەو تیرۆریستان راونران.

لێرەوە رایدەگەیێنین، هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەمیشە سازو ئامادەیە، ئەو کردەوە دڕندانەیەی تیرۆریستان، خەڵکی کوردستان و سەقامگیری و ئارامی و ئاسایشی هەرێم و ناوچەکە ناشێوێنێت.

پێشتر چەندین جار هۆشداریمان دابوو، لەبارەی مەترسییەکانی تیرۆریستان لەو ناوچانە، کە بۆشایی ئەمنیان تێدایە. بەداخەوە، هۆکاری ئەو هەلقۆستنەوەی تیرۆریستان، بوونی ئەو بۆشاییە ئەمنیەیە، کە لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە، بۆئەمەش جەخت دەکەینەوە، کە ئەو ناوچانە پێویستیان بەهێزی هاوبەش و هاوکاری و هەماهەنگی گشتگیرو هەمەلایەن هەیە، لەگەڵ سوپای عێراقدا.

بەتیرۆریستان رادەگەیێنین، هێزی پێشمەرگەی کوردستان، وەڵامی توندی دەبێت، بۆئەو هێرشە چەپەڵانەیان و دڵنیاییش دەدەین بەخەڵکی کوردستان، کە ئاسایشی هەرێمی کوردستان، وەک هەمیشە پارێزراو دەبێت.

پرسەو سەرەخۆشی لەخانەوادەی شەهیدانی سەنگەری بەرگری نیشتمان دەکەین، هیوای سەلامەتی و شیفای خێراش بۆ برینداران دەخوازین.

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

۱ی ئایاری ۲۰۲۱