Skip to the content

وەزیری پێشمەرگە: لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دروست بووە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی ١٣ی ئایاری ٢٠٢١ شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی لە رۆژهەڵاتی موسڵ کرد. وەزیری پێشمەرگە لە نێو پێشمەرگەدا باسى لەوە کرد کە "شەونخونی قارەمانێتی ئێوە هەرگیز لە یادناکرێت، بەو پێیەی هەمیشە هەوڵەکانتان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کوردستانە ، لەم پێناوەدا گیان دەبەخشن، تا خەڵکی کوردستان لەسەرجەم بۆنە و یادەکاندا بە ئارامی کاتەکانیان بەرێ بکەن، بۆیە ئێوە هەمیشە سیمبولی تێکۆشان و قارەمانێتی گەلەکەمانن و شانازیتان پێوە دەکەین."
شۆڕش ئیسماعیل لە بەسەرکردنەوەکانیدا گوتى "جێگەی دڵخۆشی ئێمە و هەموانە هێزی پێشمەرگە لە تەواوی ناوچەکان سەنگەرەکانیان بە رووی تیرۆریستان بەهێز و توکمەیە، هەمیشە ئامادەسازن بەرامبەر تیرۆریستان بجەنگن لە پێناو ئارامی و ئاسایشی خاکی کوردستان و ناوچەکە".
لە کۆتا سەنگەری بەرگری هێزی پێشمەرگە لەچیای زەرتک، وەزیری پێشمەرگە، داوایکرد جەژن بکرێتە هەوێنی نزیککردنەوەو رێککەوتنی لایەنەکان لەسەر پشتگیری و پاڵپشتیان بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان، کە ببێتە سەنەدی بەهێزکردنی هێزی پێشمەرگە و بونیاتنانی هێزێکی نیشتمانیی سەربەخۆیانەی سەربازی سەردەمی، گوتیشی: دۆخی ئێستا وا دەخوازێت هەمووان و هاوکار و هەماهەنگی پێشمەرگە بن، بۆ ئەمەش داوایکرد پاڵپشتی دارایی و لۆجیستی و سەربازی هەمەلایەنەی پێشمەرگە بکرێت وەزیری پێشمەرگه ئاشکراشی کرد، کە ئەو لێکتێگەیشتنەی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق هاتۆتە ئاراوە، جێی بایەخەو هیواخوازن بگاتە رێککەوتنێکی گشتگیر و کۆنکریتی کە زامنی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و تێکشکانی تەواوەتی تیرۆریستانی لێدەکەوێتەوە.